زێلێنسکی: سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئۆکرانیا کوژرا

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کوژرانی ئاندری پاروبی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی وڵاتەکەی لە شاری لڤیڤ ڕاگەیاند.
شەممە، 30ـی ئابی 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' نووسیویەتی : "ئیهۆر کلیمێنکۆ، وەزیری ناوخۆ و ڕوسلان کراڤچێنکۆ، داواکاری گشتی، وردەکاریی کوشتنی بەرپرسێکی پێشوویان لە شاری لڤیڤ ڕاگەیاندووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەندری پاروبی سەرۆکی پەرلەمانی پێشووی ئۆکرانیا کوژراوە".
سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەش دا، بکوژەکە چەند فیشەکێکی بە ئاندرێ پاروبی ناوە و دواتر هەڵاتووە، دەشڵێت: گەڕان بەدوای بکوژەکە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
هەر ئەمڕۆ شەممە، سێرگی لیساک، پارێزگاری دنیپرۆپیترۆڤسکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر ناوچەکەیان، هاوکات سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد ئاستی گفتوگۆکان لەسەر بەدەستهێنانی گەرەنتی ئەمنی بەرزبکەنەوە.
هەروەها ئیڤان فیدۆرۆڤ، پارێزگاری زاپۆریژیا ڕاگەیاند "ڕووسەکان بەلایەنی کەمەوە بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر شارەکەیان" کە بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا و وێرانکردنی خانووی هاووڵاتیان.