سوودانی و ماکرۆن تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەکەن

سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک وەزیرانی عێراق
سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک وەزیرانی عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەرەنسا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرد. هەروەها سوودانی هۆشداریی لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانی جەنگێکی نوێ لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، دا. جەختیشی لەسەر ئامادەیی عێراق بۆ کارکردن لەگەڵ فەرەنسا و سەرجەم هاوبەشەکانی دیکە، بۆ ڕێگریکردن لە جەنگ کردەوە.

شەممە 30ـی ئابی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە لایەن ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت، تیایدا هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردەوە. هەروەها باسیان لە پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش کرد.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، سوودانی جەختی لە گەرنگی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ماکرۆن بۆ بەغدا کردەوە، بۆ مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی هەرێمی.

هەروەها، سوودانی سوپاسی هەڵوێستی فەرەنسای لە بارەی دۆزی فەڵەستین کرد و گوتی: پێشێلکارییەکانی سەر خاکی فەڵەستین پێشهاتێکی مەترسیدارە و سیستەمی جیهانی لەبەردەم ئاستەنگێکی ڕاستەقینەدا دەهێڵێتەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، هۆشداریی لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانی جەنگێکی نوێ لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، دا. هاوکات جەختی لەسەر ئامادەیی عێراق بۆ کارکردن لەگەڵ فەرەنسا و سەرجەم هاوبەشەکانی دیکە، لەوانەش ئێران و ئەمەریکا، بۆ ڕێگریکردن لە جەنگ کردەوە.

گوتیشی: عێراق هەموو هەنگاوێکی پێویست دەنێت کە لە بەرژەوەندیی نیشتمانی بێت و خزمەت بە ئامانجی ڕێگریکردن لە جەنگ بکات، لە ڕێگەی دیالۆگێکەوە کە لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتیی بنیات نرابێت.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی فەرەنسا، هەوڵەکانی حکوومەتی عێراقی بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات بەرز نرخاند. هەروەها باس لە سەردانی داهاتووی بۆ بەغدا کرد و هیوای خواست سەردانەکە ئەنجامی کردەیی هەبێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment