ئه‌فسه‌رێكی سوپای عێراق له شه‌ڕی عه‌شایه‌ری له زیقار ڕفێنرا و هێزه ئه‌منییه‌كانیش ده‌سته‌وسانن

چه‌ك له عێراق به ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه نییه و عه‌شایه‌ره‌كان هاوكات له پاڵ گرووپه چه‌كداره‌كان، خاوه‌نی چه‌كی بچووك، مامناوه‌نده و قورسیشن و هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت به‌كار ده‌هێنن؛ حكوومه‌تی عێراق دوای زیاتر له دوو ده‌یه، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه چه‌ك له ده‌ستی گرووپه میلیشیا و عه‌شایه‌ره‌كان ده‌ربهێنێت و دۆخی ئه‌منی له وڵات كۆنترۆڵ بكات؛ عه‌شایه‌ره‌كان له ناوه‌ڕاست و خوارووی ئه‌و وڵاته، چه‌كیان به ده‌سته‌وه‌یه و هه‌ر كات بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بیانه‌وێت، به‌كاری ده‌هێنن و گوێ به ئاسایش و هێزه ئه‌منییه‌كانیش ناده‌ن، ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی جار، ڕووبه‌ڕووشیان ده‌بنه‌وه و ناتوانن هه‌نگاوی جیددی بنێن.
شەممە، 30ـی ئابی 2025، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراقی بڵاویان كرده‌وه، شه‌ڕ و ململانێی چه‌كداری عه‌شایه‌ری له پارێزگای زیقار ڕووی داوه و له ئه‌نجامدا كوژران، برینداربوون و ڕفاندن و بێسه‌روشوێنبوونی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
ئه‌و سه‌رچاوه ئه‌منییانه ڕوونیان كردووه‌ته‌وه، شه‌ڕه عه‌شایه‌رییه‌كه له ناوچه‌ی ڕه‌ئس قه‌زای بازاڕی شیوخ بووه له پارێزگای زیقار و هۆكاره‌كه‌یشی په‌یوه‌ندیی به كێشه‌ی زه‌ویوزاره‌وه هه‌بووه.
سه‌رچاوه‌كان گوتووشیانه، له میانی ئه‌و شه‌ڕه‌دا ئه‌فسه‌رێكی سوپای عێراق ڕفێنراوه و تا ئێسته چاره‌نووسی نادیار، هاوكات ئامۆزایه‌كیشی كه له ڕیزه‌كانی سوپادا بووه، بریندار بووه.
ئه‌و سه‌رچاوانه باسیان له‌وه‌ش كردووه، هێزه ئه‌منییه‌كان به دوای چاره‌نووس و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌فسه‌ره‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام تا ئێستا له دۆزینه‌وه‌ی ده‌سته‌وسانن و ناتوانن له لایه‌نه پێكناكۆكه‌كان نزیك ببنه‌وه.
هه‌ینی، 15ـی ئابی 2025، سه‌رچاوه میدیاییه‌كان چه‌ند گرته‌ڤیدیۆیه‌كیان بڵاو كرده‌وه، كه تێیدا نیشانی دابوو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی عه‌شایه‌ری له میسان، بووه‌ته هۆی تێكچوونی ئاسایشی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگاكه و مه‌ترسی خستووه‌ته سه‌ر ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل.
سه‌رچاوه میدیاییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه كردبوو، ململانێ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه عه‌شایه‌رییه‌كه له باشووری میسان، تێیدا چه‌كی مامناوه‌ند به‌كار هاتبوو.