بەریتانیا و کێشەی پەناخوازان؛ لە دیپۆرتکردنەوەوە بۆ چارەسەرێکی میانڕەو
پرسی پەناخوازان بووەتە بابەتێکی سەرەکی لە بەریتانیا و پارتە سیاسییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنن. بە گوێرەی هەموو ڕاپرسییەکان، هەر پارتێک زیاتر دژی پەناخوازان بێت، دەنگێکی زیاتر بەدەست دەهێنێت .
نایجل فەرەج، سەرۆکی پارتی ڕیفۆرمی بەریتانیا، ڕایگەیاندووە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی 2029 سەرکەوتن بەدەستبهێنن و حکوومەت بگرنە دەست، ئەوا نزیکەی 600 هەزار پەناخواز دیپۆرت دەکەنەوە. باسی لەوەش کردووە، ئەمە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام پێنج ساڵیان پێویستە بۆ جێبەجێکردنی.
بە گوێرەی پلانەکەی نایجل فەرەج، ئەو پەناخوازانەی ئێستا لە هوتێلەکانی بەریتانیادان، دەیانهێننە دەرەوە و لە بنکە سەربازییەکاندا لە دەرەوەی شارەکان دایاندەنێن تا کاتی دیپۆرتکردنەوەیان .
دلۆڤان عیمادەددین، پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن ڕایگەیاند، هەموو هەفتەیەک یان ڕۆژانە خۆپیشاندان دژی ئەو هوتێلانە دەکرێت کە پەناخوازانی تێدایە. هاوکات، کەسانی ڕەگەزپەرست هێرش دەکەنە سەر ئەو هوتێلانە، ڤیدیۆیان دەکەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان دەکەنەوە.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا پلانێکی نوێ هەیە کە باس دەکرێت، بەڵام هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە. ئەم پلانە پێشنیاز دەکات کە زۆربەی ئەو پەناخوازانەی بە نایاسایی هاتوونەتە بەریتانیا، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو مافی پەناخوازێتی کاتییان پێ بدرێت تا بتوانن کار بکەن و شوێنی حەوانەوە بۆ خۆیان دابین بکەن.
ئەمە وەک چارەسەرێکی میانڕەو سەیر دەکرێت کە بۆ هەردوولا، واتە حکوومەت و پەناخوازان، باش بێت. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە لەگەڵ مافی مرۆڤ دەگونجێت، ئەگەر حکوومەتی بەریتانیا جێبەجێی بکات .
پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی "ئەوەی نیگەرانی دروست دەکات، لێدوانەکانی نایجل فەرەجە کە دووپاتی کردووەتەوە، ئەگەر پارتەکەی دەسەڵات بگرێتە دەست، بەریتانیا لە ڕێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپی دێنێتە دەرەوە. ئەمە مەترسیدارە، چونکە بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە، بەریتانیا ناتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی پەناخوازان دیپۆرت بکاتەوە."
شایانی باسە، حکوومەتی ئێستای بەریتانیا لەگەڵ چەند وڵاتێک، لەوانەش عێراق، ڕێککەوتنی هەیە بۆ دیپۆرتکردنەوەی هەندێک لە پەناخوازان.