دادگای سلێمانی.. پرۆسەی وەرگرتنی سكاڵا دژی تۆمەتبار عەجاج ئەحمەد دەستی پێكرد

دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/5 ، بۆ وەرگرتنی سکاڵای یاسایی کەسوکاری ئەنفالکراوان دژی تۆمەتبار 'عەجاج ئەحمەد حەردان' دیاریی کرا و ئەمڕۆش دەستکرا بە وەرگرتنی گوتەی سکاڵاکاران.

پاش ئەوەی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی/5ـی دیاریی كرد بۆ وەرگرتنی سكاڵای یاسایی كەسوكاری ئەنفالكراوان دژی تۆمەتبار 'عەجاج ئەحمەد حەردان'، ئەمڕۆ یەکشەممە 31ـی ئابی 2025، دەستکرا بە ڕێککاری یاسایی وەرگرتنی گوتەی سکاڵاکاران.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دادگاکە، پرۆسەکە بۆ ڕۆژانی داهاتووش بەردەوام دەبێت، هەروەها پاش تەواوكردنی رێکكارەكان، گوتە و سكاڵاكان ئاراستەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق دەكرێت.

هەینی 1ـی ئابی 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕایگەیاندبوو، دوای لێکۆڵینەوە وردی هەواڵگری کە زیاتر لە شەش مانگی خەیاندووە، مەفرەزەکانی ئاسایشی نیشتمانیی لە پارێزگای موسەننە، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاسایشی باشووری سەڵاحەددین، توانیان یەكێک لە دیارترین تاوانبارە هەڵاتووەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیر بکەن، کە ناوی عەجاج ئەحمەد حەردانە و ناسرابوو بە 'جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان'.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بەوەش کردووە، کارەکانی جەلادەکەی نوگرە سەلمان بریتیبوون لە؛ ئەشکەنجدان، کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی هاووڵاتییان هەروەها دەستدرێژی سێکسیشی کردووەتە سەر ئافرەتە دەستگیرکاوەکانی بەندیخانەکە.

عەجاج ئەحمەد کێیە؟

ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردانە و ناسرابوو بە 'جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان'، لە هۆزی ئەلبوناسر لە تیرەی "نزار"ە، یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە و یەکێکە لە تێوەگلاوانی پرۆسەی بەدناوی ئەنفال لە ساڵی 1988.

عەجاج، دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003  لە کەرکووکەوە ڕووی لە سووریا کردووە و لە ناوچەی جەرەمانە لە نزیک دیمەشق نیشتەجێ بووە، خاوەنی سێ کوڕە و دوو لە کوڕەکانی ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە بوون و لە پێکدادانێکدا لە ناوچەی زلوعییە لە نزیک سەڵاحەددین کوژراون.

عەجاج ئەحمەد، دوای 37 ساڵ لە تاوانەکانی جینۆسایدکردن و ئەنفالکردنی کورد، لە 31ـی تەمموز واتە ڕۆژێک لەمەوبەر لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیر کرا.

 
 
Fly Erbil Advertisment