بوومەلەرزەیەک ئەفغانستانی هەژاند بەهۆیەوە 1500 کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون

بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 6 پلە، ئەفغانستانی هەژاند کە بەهۆیەوە زیاتر لە 700 کەس گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون. لەلایەکی دیکەوە تەلەفزیۆنی نیشتمانی ئەفغانستان دەڵێت: 500 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار کەسیش بریندار بوون.

ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵی بەختەری فەرمی سەر بە تاڵیبان بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک پارێزگای نەنگەرهاری ئەفغانستانی هەژاند، لانیکەم 250 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا و 500 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی جیۆلۆجی ئەمەریکا، نیوەشەوی ڕابردوو، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6 پلەی ڕێختەر پارێزگای نەنگەهاری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی هەژاند کە دەکەوێتە سەر سنووری پاکستان.

دەستەی جیۆلۆجی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، بوومەلەرزەکە هەشت کیلۆمەتر لە قوڵایی زەوی بووە. 

لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی نیشتمانی ئەفغانستان و ئیدارەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی تاڵیبان، ڕایانگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی نیوە شەوی ڕابردووی کوناری سەر بە پارێزگای نەنگەرهار،  لانیکەم 500کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڵاوکردنەوەی ژمارە فەرمی قوربانییەکان جیاوازن، هەروەها هەوڵەکانی ڕزگارکردن و فریاگوزاریی بەردەوامە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی بەهۆی داخستنی ڕێگاکان دێننە بەردەمی تیمەکان بۆ گەیشتن بە ژمارەیەک گوندی زیانلێکەوتوو.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زۆرە، بەڵام بەهۆی سەختی گەیشتن بە ناوچەکە، تیمەکانمان هێشتا لە شوێنی ڕووداوەکەدان".

بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە، فریاگوزاران لە چەند ناوچەیەکی ئەو پارێزگایە شاخاوییە کاردەکەن.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment