جووتیارێک: باشترین جۆری خورما لە گەرمیانە و بەرهەمەکەشی پێش بەرهەمی دیالە پێدەگات

چەند ساڵێکە جووتیارانی گەرمیان گرنگی بە باخی خورما دەدەن، بەهۆی کەشەهەوای گەرمی گەرمیان و ئاو و خاکی بە پیتەوە، دارخورماکانی گەرمیان بە خێرایی گەشە دەکەن و باشترین جۆرەکانی خورماش بەرهەم دێنن، جووتیاریکیش دەڵێت: بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای گەرمیان خورماکەمان پێش دیالە پێدەگات و باشترین بەرهەمیش بەدەست دێت.

وەک باخەوانێکی ناوچەکە نۆ ساڵە گرنگی بە دار خورما دەدات، محەممەد پەنجا دۆنم زەوی کردووە بە باخی خورما، ڕۆژانە سەرقاڵی خزمەتکردنی باخەکەیەتی، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای گەرمیانیش پێش ناوچەکانی دیکەی عێراق خورما لێرە پێدەگات.

محەممەد کەریم، باخەوان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەخەکەم 50 جۆر خورمای تێدایە، جۆرەکانیش زۆر باشن، پێش پێگەیشتنی خورمای دیالە هی ئێمە پێدەگات، گوتیشی: خەڵک پێم دەڵێن بۆ خورمای تۆ پێش دیالە پێدەگات؟ منیش دەڵیم بەهۆی گەرمی کەشوهەوایە، هەروەها زەویەکەش شێی هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سوپاس بۆ خوا، خورمای ئێمە لە هی دیالە باشترە و جۆرەکەشی لە هی ئەوان باشترە، کە ئەوان تەنیا خورمای 'زەهدی و خەستاوی و خەزراوی'یان هەیە، بەڵام ئێمە 'بەرعی، مەکتوم، بەربەند، توبەرزەل، مەجهول و قورەنفەلە'. 

لە ڕابردوودا بازاڕەکانی کوردستان پشتیان بە خورمای ناوەڕاست و باشووری عیراق دەبەست، بەڵام ئێستا جووتیارانی گەرمیان دەتوانن لە باخەکانیان خورما بەرهەم بهێنن و تاڕادەیەک توانیویانە خواستی ناوخۆیی پڕ بکەنەوە.

عومەر محەممەد، کڕیار دەڵێت: پێشتر دەیانگوت خورما لە کوردستان ناڕوێت، جا ئەگەر خورمامان بکڕیبوایە، ئەبوا بچینە شارەبان یان بەعقوبە یان دیالە، بەڵام سوپاس بۆ خوا، ئێستا لێرە لە گەرمیان دەکڕین، چونکە دەیان باخ لەو شارە هەیە بەرهەمەکەی دێنن لە گومرگ دەیفرۆشن.

خورما بەگشتی لە ناوچە گەرمەکان دەڕوێت و لە مانگی تەممووز بەرهەمەکەی گەشە دەکات و لە مانگی ئابێش پێدەگات، لە جیهانیشدا زیاتر لە شەست جۆر خورما هەیە، باخەوانەکانی گەرمیانیش چەند ساڵێکە گرنگی بە داری خورما دەدەن، ئێستا زیاتر 430 دۆنم زەویان کردووە بە باخی خورما.

 

 

 
Fly Erbil Advertisment