حووسییەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر

حووسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند، مووشەکێکیان بەرەو کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی سعوودیە لە دەریای سوور هەڵداوە، بەمەش ئەگەری نوێبوونەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانی لەم ڕێڕەوە گرنگە جیهانییەدا زیاتر بووە.
دووشەممە، 1ـی ئەیلوول 2025، عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشەی لە پەیامێکی ڤیدیۆیی تۆمارکراودا گرتە ئەستۆ. پەیامەکە لە کەناڵی مانگی دەستکردی ئەلمەسیرە، کە لە ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندایە، پەخش کرا.
سەریع بانگەشەی ئەوەی کرد، کەشتیی سکارلێت ڕەی، کە ئاڵای لیبێریایی هەڵکردووە، پەیوەندیی بە ئیسرائیلەوە هەیە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشییەدت پرێس، مووشەکەکە لە نزیک کەشتییەکە کەوتووەتە دەریاوە و وادیارە هیچ زیانێکی گیانی و ماڵیی نەبووە.
کۆمپانیای ئیستێرن پاسیفیک شیپینگ، کە خاوەنی کەشتییەکەیە و بنکەکەی لە سەنگافورەیە، تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی بەرانبەر بە هێرشەکە نەبووە. بەڵام کۆمپانیای 'ئەمبرەی' بۆ ئاسایشی دەریایی، کەشتییەکەی بە ئامانجێکی گونجاو بۆ حووسییەکان لەقەڵەم دا؛ چونکە خاوەنی کۆمپانیای ئیستێرن پاسیفیک، ملیاردێری ئیسرائیلی ئیدان ئۆفێرە.
حووسییەکان، تا ئێستا بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر زیاتر لە 100 کەشتی لە دەریای سوور و 4 کەشتییان نوقم کردووە و لانیکەم 8 دەریاوانیان کوشتووە.