ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخی سووری تەشەنەسەندنی کۆرۆنادایە

لە کاتژمێر شەشی ئێوارە بۆ شەشی بەیانی قەدەغەی گشتیی هاتووچۆ رادەگەیەنرێت

 

K24 - هەولێر

رۆژھەڵاتی كوردستان بەگشتی و پارێزگای ورمێ بەتایبەتی لەدۆخێكی ھەستیاردان، ورمێ لە دۆخی سووری تەشەنەسەندنی كۆرۆنادایە و بەپێی ئاماری فەرمی؛ رۆژانە لەو پارێزگایەدا نزیكەی ھەزار كەس تووشی كۆرۆنا دەبن، 20 كەسیش بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.

تاوەكو ئێستا ته‌نیا له‌ ورمێ نزیكەی دوو ھەزار و 200 كەس بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا رێژەی خۆپارێزی لەئاستی پێویستدا نییە.

بەپێی ئاماری زانكۆ پزیشكییەكانی پارێزگاكان، 4 ھەزار و 959 كەس لە رۆژھەڵاتی كوردستان بەھۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، ھاووڵاتیان نایشارنەوە كۆرۆنا لەنێو ھەموو خێزانێكدا ھەیە و بەرپرسانیش بەهەمان شێوە نایشارنەوە؛ دۆخەكە خەریكە لە كۆنترۆڵ دەربچێت.

بەرپرسان بۆ ھەڵسەنگاندنی دۆخەكە، داوای كەرەنیتنی گشتی دەكەن، بەڵام بەشێكی ھاووڵاتیان ئیدی كەرەنتینیش بە چارەسەر نازانن و، دەڵێن دۆخەكە لە خەڵك ئاڵۆزتر و قورستر دەكرێت.

رۆژی چوارشەممە، محەمەد مەھدی شەھریاری، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، بڕیاریانداوە لە كاتژمێر 6ـی ئێوارەوە ھەتاوەکو 6ـی بەیانی جگە لە كەرتی تەندروستی، ھەموو شوێنەكانی دیكەی پارێزگا دابخەن و سەرپێچیكارانیش سزای توند بدرێن.

بڕیارە لەھەفتەی داھاتووەوە رێكاری ھاوشێوە لە كرماشان و سنەش بگیرێتەبەر، لەگەڵ ئەوەشدا جەواد ئاقازادە، سەرۆكی زانكۆی پزیشكیی ورمێ بڕوای وایه‌ دۆخەكە لەوە خراپترە و بەو رێكارانە كۆنترۆڵ ناكرێت.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment