خامنەیی بەڵێنی تۆڵەکردنەوە دەدات

بەهۆی تیرۆرکردنی زانایەکی ئەتۆمیی ئێرانی

K24 - هەولێر

 رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی کوژرانی زانا ئەتۆمییەکە دەدات و، دەڵێ "ئەوانەی موحسین فەخریزادەیان کوشتووە، بە سزای خۆیان دەگەن".

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ (شەممە، 28-11-2020) لە پەیامێكدا لەڕێگەی تویتەر، ئیدانەی كوشتنی موحسین فەخریزادە، زانا ئەتۆمییەكەی وڵاتەكەی كرد.

خامنەیی داوا دەكات "بەپەلە بەدواداچوون بۆ ھۆكارەكان بكرێت و بكەرانی ئەو تاوانەش سزا بدرێن"، ھاوكات رێبەری ئێران داوا لە بەرپرسانی وڵاتەكەی دەكات، درێژە بە رێگەی فەخریزادە بدەن.

موحسین فەخریزادە، زانایەکی ناسراوی ئەتۆمیی ئێران بوو، بە باوکی ئەتۆمی ئەو وڵاتە ناوزەددەکرا، دوێنێ لەکاتی گەڕانەوەی لە ماڵە خەزوورانی، تیرۆر کرا. بەپێی رۆژنامەکانی ئێران فەخریزادە چوار گوللـەی بەرکەوتووە و دوای ماوەیەک لە بەئامانجکردنی، لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانی لەدەستدا.

لەلایەكی دیكەوە حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكات لە كوشتنی موحسین فەخریزادە. رایگەیاندووە، بڕیاری تۆڵەسەندنەوەی لەو کەس و لایەنانە داوە، کە پیلانیان داڕشتووە بۆ بە ئامانكردنی موحسین فەخریزادە .

سەلامی، جەختیشكردەوە لەوەی مافی تۆڵەکردنەوە و وەڵامدانەوەی بە ئامانجكردنی فەخریزادەیان ھەیە، جا لە ھەر شوێنێك و لە ھەر بوارێكدا بێت.

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment