مەرجە نوێیەکانی واتسئەپ، بازاڕی سیگناڵ و تێلێگرام گەرم دەکەن
واتسئەپ بە مەرجی پێدانی زانیاری بە فەیسبووک، خزمەتگوزاری پێشکەشی بەکارهێنەرانی دەکات

K24 - هەولێر
دوای ئەوەی واتسئەپ مەرجەکانی خزمەتگوزاریی نوێکردەوە و بەوهۆیەوە رەخنەی زۆری لێگیرا، بەکارهێنانی ئەپەکانی تێلێگرام و سیگناڵ لەناکاو زیادیان کرد.
چوارشەممەی رابردوو، واتسئەپ مەرجەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە بەکارهێنەرانی نوێکردەوە، داوای لە بەکارهێنەرانی کرد؛ رێگەبدەن فەیسبووک کە خاوەنداریێتیی واتسئەپ دەکات، زانیارییان لەبارە کۆبکاتەوە.
بەپێی مەرجە نوێیەکان؛ دەبێت بەکارهێنەرانی واتسئەپ تاوەکو بتوانن ئەو ئەپە بەکاربهێنن، رێگەبدەن فەیسبووک زانیارییان لەبارەوە کۆبکاتەوە، لەنێو ئەو زانیارییانەش، ژمارەی مۆبایل و شوێنیانە.
ماڵپەڕی "the hindu" ئەمڕۆ هەواڵێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ "چالاکوانان لە تویتەر رەخنەیان لەو بڕیارەی واتسئەپ گرتووە کە دەڵێ "یان داتای خۆتمان بدەیە، یان بڕۆ، بۆیە داوا دەکەن ئەپی دیکەی وەک سیگناڵ و تێلێگرام بەکاربهێنن".
لە دوو رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 100 هەزار کەس لە ئەپستۆر و گووگڵ ئەپی سیگناڵیان داونلۆد کردووە، هەروەها نزیکەی 2.2 ملیۆن کەسی دیکە تێلێگرامیان داونلۆد کردووە، بەپێی ئەو داتایانەی کۆمپانیای سێنسۆر تاوەر بڵاوی کردوونەتەوە.
لەبەرامبەردا دابەزاندنی واتسئەپ بەڕێژەی 11٪ کەمبووەتەوە لە حەوت رۆژی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە هەفتەی پێشووتری.