بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بازاڕی زێڕ دەشێوێنێ

بازاڕی زێڕینگەران كڕین و فرۆشتن زۆر كەمە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

زیاتر لە ھەفتەیەکە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیھان و ھەرێمی کوردستان  ناجێگیرە، بەرزو نزمی نرخی زێڕیش کاریگەری راستەخۆی لەسەر جموجۆڵی بازاڕی زێڕنگران دروستکردووە. گوتەبێژی بازاڕی زەرەنگەرانی سلێمانی رایگەیاند، زیاتر لە ھەفتەیەکە کڕین و فرۆشتن لەناو بازاڕەکە بە تەواوی وەستاوە.

دلێر تاھیر، وتەبێژی بازاڕی زەنگەرانی شاری سلێمانی بە كوردستان24ی گوت: "ئەم ناجێگیرە لە نرخی زێڕ، خەڵكی تووشی دڵەراوكێ كردووە، ناوێڕن زێڕ بكڕن یان بیفرۆشن، ئەمەش وایكردووە كڕین و فرۆشتن نەبێت و بازاڕ وەستاوە".

بەشێک لە ھۆکارەکانی  ناجێگیری نرخی زێر، بە تایبەت لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ کاریگەرییەکانی  بەرزبوونەوەی بەھای دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی  دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی  زۆربەی  کاڵاکان.

لەوبارەوە جەبار گۆران، گوتەبێژی  بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد: "بەھای دیناری عێراقی بە رێژەی 18% بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە، بەڵام بەداخەوە ھەندێك لە بازارگانەكان ئەو دۆخەیان قۆستۆتەوە و نرخی كاڵا و شتومەكیان زۆر زیاتر بەرزكردووەتەوە".

لەگەڵ ئەوەی نرخی  زێر ناجێگرە، لە بەرامبەردا نرخی زیو بەرزبووەتەوە، نرخی یەک کیلۆ زیو بە بڕی 150 دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام وەك زێڕنگران ئاماژەی بۆ دەكەن، ئێستا بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زێڕ دابەزیووە و تەنانەت ھەندێك رۆژ بازاڕی فرۆشتن زۆر سستە.