داوای دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەکرێت

بۆ پاراستنی یەکڕیزی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بە گرنگ دەزاندرێت
داوای دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەکرێت
داوای دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەکرێت

K24 - هه‌ولێر:

دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بۆ لایەنە سیاسیەکان ناوە بەناو دەکەوێتە بەر باس، سەرباری ئەوەی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بەگرنگی دەزانی بۆ یەکریزی و کۆدەنگی لایەنەکان، لەھەمان کاتدا بەشێك لە چاودێران رەتیدەکەنەوە و پێیان وایە دروستکردنی ھەر ئەنجومەنێکی سیاسی گەڕانەوەیە بۆ رابردوو.

ناو بەناوە لێرەو و لەوێ بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان، لەناویشاندا حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، داوای دروستکردنی ئەنجومەنێك دەکات، بەناوی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، تا ھەموو رەنگ و دەنگەکان لەناو ئەنجومەنەکە کۆببنەوە و لە پرسە جیاوازەکان کۆدەنگیان ھەبێت و یەک دەنگ بن.

سەرەڕای ئەوەی ئەو حزبە نایشاریتەوە، کە داواکەی ئەوان دروستکردنی جێگره‌وه‌ نییە بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان، بەڵکو بۆ یەکخستنی ناو ماڵی کوردە لە کات و ساتە جیاجیاکاندا.

بەختیار کەریم، گوتەبیژی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گوتی: "له‌ هه‌رێمی كوردستاندا حزبه‌كان حكومه‌تیان پێكهێناوه‌، هه‌ر حزبه‌كانیش بڕیاره‌ گرنگه‌كان ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ باڵایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان درووست ببێت، بۆ هه‌ر كێشه‌یه‌ك ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌توانێت ببێته‌‌ چاره‌سه‌ر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش پێمانوانییه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای پارته‌ سیاسییه‌كان ببێته‌ جێگره‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ میكانیزمێكی زۆر باش بۆ كردنه‌وه‌ی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان".

سەڵاح سەلیم، چاودێری سیاسی پێی وایە دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بۆ لایەنە سیاسییەکان گەڕانەوەیە بۆ رابردوو، بۆیە تەنیا بەگرنگی دەزانن سەرۆکایەتی ھەرێم وەک چۆن چەند مانگ جارێک لایەنەکان کۆدەکاتەوە، بەھەمان شێوە لایەنەکان کۆبکاتەوە و بڕیار لەبارەی پرسە چارەنووسازەکانەوە بدەن.

دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بەفەرمی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه‌ رەتنەکراوەتەوە، بەڵام حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان نیازی وایە کۆدەنگی کۆبکاتەوە و سەردانی لایەنەکان بکات، تا ھەرچی بڕیاری گرنگە حزبەکان لە ئەنجومەنەکەوە گفتوگۆی لەسەر بکەن و بڕیاری لەسەر بدەن.

 

د.ی