بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان هەناردەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت

بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیاترە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

پاش دوو ساڵ لە بڕیاری دانانی قەدەغەی سەر بەرهه‌مى کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان،  وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق قەدەغەکەی هەڵوەشاندەوە، ئێستا بەرهه‌مى کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەتواندرێت رەوانەی ناوچەکانی باشوورو ناوەڕاستی عێراق بکرێت.

به‌هۆكارى دروستكردنى چه‌ندین پڕوپاگه‌نده‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌ خۆماڵیه‌كانى هه‌رێمى  كوردستان، حکومەتی عێراق ماوەی دووساڵ قەدەغەی خستبووە سەر بەرهەمی مریشک و هێلکەی كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كانى هه‌رێم، به‌ڵام دواى به‌دواده‌چوونى وه‌زاره‌تى  كشتوكاڵى حكومه‌تى عێراق، دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ ته‌ندروستى  به‌رهه‌مه‌كانى هه‌رێم  و قه‌ده‌غه‌ى هه‌نارده‌كردنى  له‌سه‌ر زۆرێك له‌ به‌رهه‌مه‌ ناوخۆیه‌كان لابرد.

شاڵاو جەمال، به‌ڕێوەبه‌رى گشتى كشتوكاڵى پارێزگاى سلێمانى بە کوردستان24ی راگەیاند: "مانگی رابردوو وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە یاوەری شاندێک سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و هەموو پڕۆژەکانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و پەلەوەرییەکانیان کرد. کە بە چاوی خۆیان بینینان لەوە دڵنیابوون ئەوەی لەبارەی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەگوترێت راست نییە، بۆیە بڕیاریاندا بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق وەربگیرێت".

ناوچه‌كانى ناوه‌ڕاست و خوارى عێراق به ‌بازاڕێكى گه‌وره‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌ت به‌رهه‌مى مریشك و هێلكه‌ داده‌نرێت، پیشتر ئه‌و بڕیاره‌ زیانی زۆری لە  کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان دابوو.

لەوبارەوە جەمال حوسێن، به‌رپرسى سامانی‌ په‌له‌وه‌رى له‌ به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى كشتوكاڵی سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "ئێستا دەرگای بازاڕەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقمان بۆ کراوەتەوە، ئەمەش کێڵگەکانمان لە لەناوچوون دەپارێزێت، هەروەها ئەو بڕیارە نرخی مریشکی تا رادەیەک جێگیر کردووە".

كێڵگه‌ په‌له‌وه‌رییه‌كانى هەرێمی کوردستان، لە توانایاندایە ساڵانە 170 هەزار تۆن مریشک بەرهەم بهێنن، ئەو بڕەش زیاترە لە پێویستیی ناوخۆ، چونکە هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 147 هەزار تۆن مریشک هه‌یه‌، بەرهەمی ناوخۆیی هێلکەش نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆنە و هەرێمی کوردستان پێویستی بە 850 ملیۆن هێلکە هەیە لە ساڵێکدا، دەتواندرێ 20%ی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق ره‌وانه‌ بكرێت.