فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر: ئه‌مجاره چانسێكمان له‌گه‌ڵ سه‌درییه‌كان و لایه‌نه‌كانی ده‌وری حه‌لبووسی هه‌یه
K24- هه‌ولێر:
فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، سیاسه‌تمه‌داری كورد له‌باره‌ی داهاتووی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره رایگه‌یاند، پێویسته تێڕوانینێكی فراوانمان بۆ دۆخه‌كه هه‌بێت و ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین، كه دوو ئیمپراتۆریه‌تی گه‌وره له ته‌نیشتمانن، ئه‌وانیش توركیا و ئێرانن، چونكه تا ئێستاش ئه‌و دوو وڵاته په‌یڕه‌وی عه‌قلیه‌تی ئیمپراتۆریه‌ته كۆنه‌كانیان ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتی: له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و دوو وڵاته له ده‌وری ئێمه، ئێمه‌ی كورد به‌راورد به عه‌ره‌به‌كان هیچ پشتیوانێكمان نییه، له‌كاتێكدا سوننه‌كان عه‌ره‌بستانی سعوودییه و توركیا و وڵاتانی كه‌نداو پاڵپشتییان ده‌كه‌ن و شیعه‌كانیش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانی ده‌كرێن، كه هه‌ژموونی له وڵاتانی یه‌مه‌ن، لیبیا و لوبنان و ناوچه‌كه هه‌یه.
گوتیشی: له‌و كاته‌ی كه خه‌ریك بوو ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان رابگه‌یه‌ندرێن، هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوبووه‌وه كه به‌رپرسێكی باڵای ئه‌و وڵاته له به‌غدایه (مه‌به‌ستی ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانه)، بۆیه پێویسته زۆر به وریاییه‌وه چاودێری دۆخه‌كه بكه‌ین و به‌دواداچوون بكه‌ین و ئاگاداری جموجۆڵه‌كان بین، تا ئه‌نجامی پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كان ببینین.
هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ئێمه وه‌ك كورد، پێویسته ئه‌مجاره ناوماڵی خۆمان رێك بخه‌یه‌نه‌وه.
سه‌ختییه‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌ت:
له‌باره‌ی پێشبینییه‌كانیشی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق، فه‌ره‌یدون عه‌بدوڵقادر گوتی: من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم پێكهێنانی حكومه‌ت كارێكی ئاسان بێت، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، عێراق زۆر به‌رژه‌وه‌ندی فره‌لایه‌نی تێدایه، هه‌ر له وڵاتانی دراوسێ تا ده‌گاته ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا و جیهانی عه‌ره‌بی، كه هه‌ریه‌كێك له‌و لایه‌نانه ده‌یه‌وێت ره‌نگدانه‌وه‌ی خۆی تێدا هه‌بێت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له عێراق پارێزراو بن، وێڕای ئه‌وه‌ی كه چه‌ند لایه‌نێكی ناوخۆییش له‌ناو عێراق هه‌ن، هه‌ریه‌كه و هاوسۆزه له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌و لایه‌نه ده‌ره‌كیانه.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، ئه‌وه‌ی گرنگ بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌وه بوو، كه سندوقه‌كانی ده‌نگدان گه‌لێك شتی نوێی نیشاندا و به‌شێك له لایه‌نه‌كانی وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی كه پێشتر به‌توندی له حكومه‌تدا به‌شدار بوون، له پرۆسه‌كه‌دا شكستیان هێنا و هه‌ندێك روخساری نوێ هاتنه گۆڕه‌پانی سیاسی، ئه‌گه‌ر به ژماره‌یه‌كی كه‌می كورسییه‌كانیش بێت، هه‌روه‌ها سه‌درییه‌كان ئه‌نجامی باشیان به‌ده‌ستهێنا و بینیمان لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش كه لایه‌نگرییان بۆ هێزه ده‌ركییه‌كانی ناوچه‌كه هه‌بوو، تووشی شكستێكی گه‌وره بوون و پاشه‌كشه‌یان كرد.
خاسیه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێویسته هه‌رێمی كوردستان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه براوه‌كان هه‌ڵبژێرێت:
ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره كورده جه‌ختی كرده‌وه، ئێمه وه‌ك كورد بوارمان بۆ موناوه‌ره هه‌یه، به‌ڵام نابێت له‌خۆبایی بین، چونكه پشتیوانمان نییه، هه‌رچه‌ند ژماره‌ی كورسییه‌كانی كورد كه‌م نین و ده‌توانین پشتی پێ ببه‌ستین، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بۆ دانوستان ده‌ستنیشان ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێن، پێویسته شاره‌زایی ته‌واویان له‌سه‌ر حزب و هێزه عێراقییه‌كان و سوننه و شیعه هه‌بێت و ده‌بێت كه‌سانی بیرمه‌ند بن و شاره‌زایی ته‌واویان له بواره‌كانی ئه‌ده‌ب و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌و كه‌سانه بن كه له‌كۆنه‌وه سه‌ركرده‌ی حزبه‌كان ده‌ناسن و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه دیاره‌كان به‌هێز بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له دانوستانه‌كاندا كاریگه‌ری بكه‌ین.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌ندامانی ئه‌و شانده‌ی ره‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێت، ده‌بێت زانیاری ته‌واویان هه‌بێت و شاره‌زایی ته‌واویان له‌سه‌ر میژووی عێراق، هێزه‌كان، هاوپه‌یمانێتییه‌كانی پێشوو و نوێیان هه‌بێت و بتوانن پێشبینی بۆ گۆڕانكارییه‌كانی ئاینده‌ی عێراق بكه‌ن.
باڵانسی هێز له‌نێوان كوتله‌ی گه‌وره‌ی براوه و لایه‌نه‌كانی نزیك له ئێران:
ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره كورده گوتی: ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ئێمه ئه‌وه‌یه كه بیر له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له هیچ لایه‌نێك نه‌كه‌ینه‌وه و هه‌موو كورسییه‌كانمان كۆبكه‌ینه‌وه و به یه‌كده‌نگی و یه‌ك ئاراسته‌یی به‌ره‌و به‌غدا بچین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێت ئه‌وه‌یه، كه سه‌درییه‌كان ده‌یانه‌وێت كوتله‌یه‌كی گه‌وره دروست بكه‌ن و به‌گوێره‌ی یاساش مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه حكومه‌ت پێكبهێنن و چانسی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌گه‌ڵ كورد و حزبه‌كه‌ی حه‌لبووسی هاوپه‌یمانی بكه‌ن، به‌تایبه‌ت كه كورد له‌سه‌ر ئاستی عێراق له پله‌ی سێیه‌مدایه و ژماره‌یه‌كی زۆری كورسیی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێناوه و سوننه‌كانیش كه له‌ده‌وری حه‌لبووسی كۆبوونه‌ته‌وه، ژماره‌یه‌كی باشی كورسییان به‌ده‌ستهێناوه و ده‌توانن كوتله‌یه‌كی گه‌وره پێكبهێنن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جموجۆڵه‌كانیان ده‌ستی پێكردووه.
سه‌باره‌ت به‌و هێزانه‌ش كه پشتیوانی لابه‌لایان هه‌یه، وه‌ك ئه‌وانه‌ی پشت به ئێران ده‌به‌ستن، یانیش ئه‌وانه‌ی پشت به چه‌ك و لایه‌نی دیكه ده‌به‌ستن، ئه‌وانیش ده‌ستیان به جووڵه كردووه بۆ ئه‌وه‌ی كوتله‌یه‌كی گه‌وره پێكبهێنن، به‌ڵام تا ئێستا چاره‌نووسی هیچ كامێكیان نازانرێت، ئاخۆ رێككه‌وتن له‌نێوانیان دێته ئاراوه، یانیش یه‌كیكیان ئه‌وی دیكه‌یان ده‌به‌زێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێران هێزێكی گرنگی ناوچه‌كه‌یه و رۆڵی خۆی ده‌بێت، له‌وه‌ش گرنگتر بوونی مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌یه، كه ده‌بێت بزانرێت ئاخۆ دیدگای مه‌رجه‌عیه‌ت روو له چ ئاراسته‌یه‌كه، ئاخۆ بۆ ئه‌وه‌یه یه‌كیان بخات، یانیش بۆ ئه‌وه‌یه لایه‌نگری ئه‌و لایه‌نه بكات كه ده‌نگێكی نوێی هێناوه، بۆیه پێویسته له‌بڕیاردان په‌له نه‌كه‌ین و ده‌بێت چاودێری دۆخه‌كه بكه‌ین.
كامیان باشتره بۆ كورد كه هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵدا بكات؟ سه‌درییه‌كان یانیش لایه‌نه‌كانی سه‌ر به ئێران!
فه‌ره‌یدون عه‌بدوڵقادر، باسی ئه‌وه‌شیكرد، كورد هه‌موو لایه‌نه‌كانی تاقیكردووه‌ته‌وه و چانسمان له‌گه‌ڵ هیچ كامێكیان نه‌بووه، هه‌موویان هاوڕێی ئێمه بوون و له‌كاتی راپه‌ڕین یارمه‌تی هه‌موویانمان داوه و له قۆناغه جیاوازه‌كاندا پشتیوانیمان لێكردوون، به‌ڵام ئه‌وان یارمه‌تی ئێمه‌یان نه‌دا و بگره هه‌ندێكیان فشاری زۆریشیان خسته سه‌ر كوردستان و بودجه‌یان لێ بڕی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێمه چانسێكمان له‌گه‌ڵ سه‌درییه‌كان و روخساره نوێیه‌كان و لایه‌نه‌كانی ده‌وری حه‌لبووسی هه‌یه، كه ئه‌مجاره بتوانین هاوپه‌یمانێتییه‌ك پێكبهێنین، كه ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی به‌هێز گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، ره‌نگه بتوانین هه‌ر له سه‌ره‌تاوه مافه‌كانمان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین و به‌رز بخه‌ینه به‌رچاو.
دووپاتیشی كرده‌وه، ئێمه مه‌بده‌ئێكی سیاسی به‌هێزمان هه‌یه كه پێ ده‌گوترێت: "الصلابة في المبدء والمرونة في التكتيك" واتا (به‌هێزی له مه‌بده‌ء و نه‌رمی له تاكتیك)، كه ره‌نگه بتوانین به‌و پێیه به‌باشی جووڵه بكه‌ین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته یه‌كڕیز بین و شاندێكی باش و شاره‌زامان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێ بسپێرین.