ئێرانييهكان داواى دهنگى شهجهريان بۆ بهربانگ دهكهن
K24 – ههولێر:
تۆڕی ئينتەرنێت لە ئێران کۆمەڵێک کێشەی بۆ حکوومەت دروستکردووە و بەرپرسانی ئێران بە شێرپەنجەی کۆمەڵگەی دەزانن.
رۆژنامەکانی چاپی رۆژی دووشەممەی تاران، دوای دوو رۆژ پشوودان، ئەم کێشەیە و کۆمەڵێک بابەتی دیکەیان خستووەتەڕوو.
رۆژنامەی ئارمانى ئێمرووز، لە زمانى داواکاری گشتیی ئێرانەوە، بە مانشێتی "دونیای مەجازی وەک شێرپەنجەيه، نووسیویەتی: دوژمن بە توندی بە دوای ئەوەیە گورز لە کەلتوری کۆمەڵگەی ئیسلامی بوەشێنێت. دنیای ئینترنێت ئەمڕۆ وەک شێرپەنجەيه و رێبەری ئینقلابیش فەرموویەتی گلەییمان لە ئەنجومەنی بەرزی چاودێریکردنی سەر تۆڕی ئینترنێت هەیە.
باسی بڵاوکردنەوەی نامەی خومەینی بۆ سەرۆک كۆماری ئەمریکا لە لایەن بی.بی.سییەوە لە ئێران گەرمە و رۆژنامەی جمهوریى ئيسلامی، سەروتاری ژمارەى ئهمڕۆى بۆ ئەو بابەتە تەرخانکردووە. جمهووری ئيسلامی، بە مانشێتی نەزانیی باوکی شەیتان، ئەمریکای وەک شەیتان ناوبردووە و بەریتانیاش بە باوکی شەیتان و نووسیویەتی: باوکی شەیتان بۆ ئەوەی نامەنووسینی خومەینی بکات بە بەڵگە، کەڵکی لە رێکخراوی سیخوڕیی کوڕەکەی واتە ئەمریکا، وەرگرتووەتەوە.
ژیان لە کۆڵانەکانی گامێشاوا، مانشێتی راپۆرتێکی درێژی رۆژنامەی شەهروەندە. گامێشاوا، کەوتووەتە باشووری ئەهواز و نەشارە و نەگوندە. شەهروەند باس لە هاووڵاتییەک دەکات کە بە زاراوەی فارسیی تێکەڵاوی عەرەبی، نووسیویەتی: گامێشەکانم کەم بوونەتەوە، پارەی تفاق کڕینمان نییە، شیری گامێشەکانمان ناکڕن، حکوومەت یارمەتیمان نادات و یارمەتییەکانی حکوومەت دەدرێنە ئەو کەسانەی تەنانەت لەماڵەوە بزنێکیشیان نییە.
چەندین ساڵە کێشەی نێوان محەممهد رەزا شەجریانی هونەرمەندی ئاوازی رەسەنی فارسی و تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە. تەلەفزیۆن دەنگی شەرجەریان بڵاو ناکاتەوە و شەرجەریانیش داوای لە تەلەفزیۆن کردووە دەنگی بڵاو نەکاتەوە، بەڵام رۆژنامەی قانوون لە لاپەڕەی فەرهەنگ و هونەردا نووسیویەتی: داخوازییەکان بۆ بڵاو کردنەوەی دەنگی شەرجەریان لە سەروبەندی مانگی رەمەزاندا بەردەوامن و ماڵی مۆسیقای ئێرانیش داوایی بڵاوکردنەوەی رەبەنای شەجەریان لە کاتی بەربانگدا دەکات.