وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی هێرشەکەی کۆرمۆر قسە بۆ کوردستان24 دەکات

"بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر بەردەوامە"
لۆگۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
لۆگۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان

K24- هەولێر:

بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکەدا بەردەوامە.

ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم دەستیپێکردووە و تیمێکی وەزارەتەکەیان دەچنە شوێنی رووداوەکە.

باسی لەوەشکرد، بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی لە کێڵگەکەدا بەردەوامە.

پێشتر سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم، بە کوردستان24ی راگەیاند، بە مووشەکی کاتیۆشا هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لەناو پووش و پاوەنی ناوچەکەدا کەوتووەتەوە، بەڵام هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.

هەروەها لە راگەیەندراوێکیشدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت "کاتژمێر (7:55) ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشی مووشەکی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانی گیانی نەبووە و کاریگەریشی لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی نەبووە".

 وەزارەتی سامانە سروشتییەکان باسی لەوەشکرد کە "بە تووندی ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەین، کە ژێرخانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانجی هێرشی مووشەکیی گرووپە چەکدارەکانی لە یاسا دەرچوو".

ئاماژە بەوەشدراوە کە "کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستانن، هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە و ژێرخانە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی خەڵکی کوردستانە و بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبووڵ نییە و بەرپرسیارێتی ئەم هێرشانەش لە ئەستۆی ئەو لایەنانەیە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان سامانی گەلی کوردستان دەکرێتە ئامانج".

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لە دوو مانگی رابردوودا، چوار جار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.

هێرشەکەی ئەمشەو دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 25ی مانگی حوزەیرانی رابردوو (مانگێک پێش ئێستا) بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی ناوچەکەیان کرد و بڕیاردرا، هێزی ئەمنی زیاتر دابینبکرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە لە ساڵی 2007 ەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی دانەغاز و هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.