بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر

كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر / ئه‌رشیف
كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر / ئه‌رشیف

K24- هەولێر:

بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم راگەیاند، بە مووشەکی کاتیۆشا، هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە پووش و پاوەنی ناوچەکەدا کەوتووەتەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەم، بە کورستان24ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ (25ی تەممووزی 2022) بە مووشەکی کاتیۆشا، هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر.

باسی لەوەشکرد، کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەوە، ئاگر لە پووش و پاوەنی ناوچەکەدا کەوتووەتەوە و تیمەکانیان سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین.

مانگێک پێش ئێستا و لە رۆژی 25ی حوزەیرانی 2022دا، بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد وەزیری سامانە سرووشتییەکان، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومەتی هەرێم سەردانی کێڵگەکەیان کرد و بڕیاردرا، هێزی ئەمنی زیاتر لە دەوروبەری کێڵگەکە جێگیر بکرێت.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە لە ساڵی 2007 ەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی دانەغاز و هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.