مه‌حما خه‌لیل: سوودانی به‌ڵێنیداوه رێككه‌وتننامه‌ی شنگال جێبه‌جێ بكات
K24 - هه‌ولێر:
مه‌حما خه‌لیل، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كاتژمێر 8ـی كوردستان24ـی راگه‌یاند، پێویسته سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ـی ده‌ستووری عێراق كوردبێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، مادده‌ی 140 وه‌ك مادده‌یه‌كی ده‌ستووریی هه‌ر زیندووه و ئێستا به‌پێی رێككه‌وتنی نوێی نێوان لایه‌نه‌كان، به پشتیوانی سه‌رۆك بارزانی، حكومه‌تی نوێی عێراق پابه‌ندكرا به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی و گوتیشی، ئه‌گه‌ر مادده‌ی 140 له‌كاتی خۆیدا جێبه‌جێ كرابوایه، ئه‌وا ئێزدییه‌كان جینۆساید نه‌ده‌كران.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه هه‌وڵده‌ده‌ن پرسی مادده‌ی 140 و رێككه‌وتننامه‌ی شنگال به نێوده‌وڵه‌تی بكرێت و زیاتر گوتی، "راگواستن، ته‌عریب، كیمیاباران، ئه‌نفال و جینۆساید یه‌كسانن به مادده‌ی 140، ئه‌گه‌ر ئه‌و مادده‌یه جێبه‌جێ بكرابا، هیچ كامێك له جینۆسایدی شنگال، 16ی ئۆكتۆبه‌ر روویان نه‌ده‌دا و دووپاتیكرده‌وه، داوامان كردووه رێككه‌وتنی شنگال و مادده‌ی 140 به نێوده‌وڵه‌تی بكرێن".
سه‌باره‌ت به رێككه‌وتننامه‌ی شنگال، مه‌حما خه‌لیل جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه له‌میانی دیداری له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، به‌ڵێنیپێداوه قۆناغ به قۆناغ ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه جێبه‌جێ بكات.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، رێككه‌وتننامه‌ی شنگال یاساییه كه له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌ی پێشووی حكومه‌تی فیدراڵی واژووكراوه، یاساییه و كابینه‌كه‌ی سوودانیش پابه‌نده به‌جێبه‌جێكردنی.
له‌باره‌ی دۆخی سیاسی ناوچه‌كه بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال، مه‌حما خه‌لیل، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی رایگه‌یاند، دۆخی سیاسی شنگال له‌باره بۆ جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه.