ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی به‌شه‌خۆراكه‌وه دوو بڕیار ده‌رده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆیدا، تاوتوێی چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی كرد، له‌وانه‌ش دۆخی ئه‌منی پارێزگای كه‌ركووك.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (19ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا، وه‌زیری ناوخۆی عێراق له‌باره‌ی دۆخی ئه‌منی پارێزگای كه‌ركووك و هێرشه‌كانی سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كان له ناوچه‌كانی ئه‌و پارێزگایه، روونكردنه‌وه‌ی له هۆكاری رووداوه‌كان و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌كان بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، وه‌زاره‌تی بازرگانی راسپاردووه به‌هاوكاری كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت، به‌شه‌خۆراك به‌سه‌ر ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی (خازر، حه‌سه‌ن شام، ئیسان، یوتو و مام ره‌شان) دابه‌شبكه‌ن، كه له 22 مادده‌ی جۆراوجۆری خۆراكی پێكدێن.
هه‌روه‌ها ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا به‌شه‌خۆراكی خێزانه كه‌مده‌رامه‌ته‌كان و ئه‌وانه‌ی له تۆڕی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی سوودمه‌ندبن له‌سه‌ر ئه‌ركی وه‌زاره‌تی بازرگانی، زیادبكات.
بڕی ئه‌و مادده خۆراكییانه‌ی زیادكراون، بریتین له (یه‌ك كلیۆ شه‌كر، یه‌ك كیلۆ زییت، 200 گرام چای، 250 گرام شیر و یه‌ك كیلۆ ئارد) بۆ هه‌ر كه‌سێك.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری دامه‌زراندنی (عه‌لی جاسم ئه‌لیاسری)، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كان.