بەریتانیا: لەسەر گوشارەکانمان لە دژی ئێران بەردەوام دەبین

جەیمز کلۆرلی، وەزیری دەرەوەی به‌ریتانیا
جەیمز کلۆرلی، وەزیری دەرەوەی به‌ریتانیا

K24 – هەولێر

به‌ریتانیا دووپاتیکردەوە، تا ئەو کاتەی حکومەتی ئێران بەرانبەر بە سەرکوتی خۆپێشاندەران وڵامدەر نەبێت، لەندەن لەسەر گوشارەکانی لە دژی حکومەتی تاران بەردەوام دەبێت.

جەیمز کلۆرلی، وەزیری دەرەوەی به‌ریتانیا رایگەیاند، وڵاته‌كه‌ی لە پاش کوژرانی ژینا ئەمینییەوە گەمارۆی خستووەتە سەر 47 دەسەڵاتداری ئێرانی و کۆماری ئیسلامیی ئیرانیشی لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرکردووە و لەسەر گەمارۆدانی تەواوی سوپای پاسدارانیش بەردەوام دەبێت.

وەزیری دەرەوەی به‌ریتانیا جەختیشی کردووەتەوە، وڵاتەکەی تا ئەو کاتەی حکوومەتی ئیران بەرانبەر بە سەرکوتی خۆپێشاندەران وڵامدەر و بەرپرسیار نەبێت، واز لەو گوشارانە ناهێنێت.

زیاتر لە 100 رۆژە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و بە گوێرەی زانیاریی ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 560 خۆپێشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون و نزیکەی 18 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.

خۆپێشاندانەکان کە لە کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن 22 ساڵ لەلایەن پۆلیسی تارانە سەرچاوەی گرت، کاردانەوەی توندی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە و جیا لەو ژمارە کوژراوە، سەرووی 100 خۆپێشاندەری بەندکراویش، هەڕەشەی لەسێدارەدانیان لەسەرە.