مەسرور بارزانی: بە هیواین هەموو لایەک بەرژەوەندی نیشتمانیی بخەینە سەرووی بەرژەوەندییەکانی دیکەوە

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵی نوێ پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: بە هیواین هەموو لایەک بەرژەوەندی نیشتمانیی بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە و رێز لە سەروەری یاسا بگرین.

لە پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: "هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی، پارێزراو و جێگیر بێت و كێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی بتوانین بە هاوکاری هەموو لایەک، درێژە بە پرۆسەی چاکسازییەکان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان بدەین".

مەسرور بارزانی، لەو پەیامەدا رایگەیاندووە: "سەرەڕای سنوورداری تواناکانی بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ساڵی رابردوودا، توانیمان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژەی جۆراجۆر لە شارەکانی کوردستان، لە بوارەکانی رێگەوبان و کشتوکاڵی و پیشەسازی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان ئەنجام بدەین. ئەمە جیا لەوەی ساڵی رابردوو، لە بواری دیپلۆماسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و ئەوروپا، ساڵێکی بەرهەمدار بوو".

دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2023، پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان، هەروەها گەلانی عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و گەشەپێدانی زیاتری کوردستان بێت.

سەرەڕای سنوورداری تواناکانی بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ساڵی رابردوودا، توانیمان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژەی جۆراجۆر لە شارەکانی کوردستان، لە بوارەکانی رێگەوبان و کشتوکاڵی و پیشەسازی و بە دیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان ئەنجام بدەین. ئەمە جیا لەوەی ساڵی رابردوو، لە بواری دیپلۆماسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و ئەوروپا، ساڵێکی بەرهەمدار بوو.

بەڵام بە داخەوە، لە ساڵی رابردوودا، رووبەڕووی چەندین هێرش و پەلاماریش بووینەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، فاکتەرێکی ئاراميی و سەقامگیریی بووە لە عێراق و ناوچەکەدا و هيچ کاتێک مایەی هەڕەشە نەبووە بۆ هیچ لایەنێک. بۆیە هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی، پارێزراو و جێگیر بێت و كێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لەسەر بنەمای دەستوور و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی بتوانین بە هاوکاری هەموو لایەک، درێژە بە پرۆسەی چاکسازییەکان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان بدەین. بە هیواین هەموو لایەک بەرژەوەندی نیشتمانیی بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە و رێز لە سەروەری یاسا بگرین.

ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و پەتا و قەیرانەکان و دەستەبەربوونی ئاشتی و ئاسوودەیی بێت بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی. 

ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و خوای مەزن کوردستان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2022/12/31