دۆخی ئه‌منی شنگال رێگره له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ سه‌ر زێدی خۆیان
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌و ئاوارانه‌ی شنگال كه له‌نێو كه‌مپه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستاندا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، دەیانەوێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان، دۆخی ناوچەكەیان ئارام بكرێتەوە و حكومه‌تی عێراق قەرەبوویان بكاته‌وه.
به‌گوێره‌ی كارنامه‌ی حكومه‌تی نوێی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، پێویسته له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا رێككه‌وتنی شنگال، كه له‌نێوان حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان واژوو كراوه، جێبه‌جێكرێت، دۆخی شنگال ئاسایی بكرێته‌وه و سه‌رجه‌م ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه جیاجاكانیان.
شه‌ریف سلێمان پلنگ، سەرۆكی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لە پەرلەمانی عێراق به كوردستان24ـی راگه‌یاند، به‌گوێره‌ی كارنامه‌ی حكومه‌تی سوودانی، پێویسته حكومه‌ت سه‌رجه‌م كه‌مپه‌كان ئه‌وانه‌ی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌ن دابخات و سه‌رجه‌م ئاواره‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه ناوچه‌كانیان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پێویسته رێككه‌وتنی شنگال جێبه‌جێبكرێت و ئاوه‌ره‌كانی ئه‌و شاره بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان.
سالم شنگالی، ئاواره‌ی كه‌مپی شاریا له دهۆك به كوردستان24ـی راگه‌یاند، "قوتابخانه، نه‌خۆشخانه و سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی شنگال بێ خزمه‌گوزارین و كاره‌باش نییه، ژێرخانی شنگال به ته‌واوه‌تی وێرانبووه و ئێستا شاره‌كه ئاماده نییه پێشوازی له‌م ژماره زۆره‌ی ئاواره‌كان بكات".
له‌یلا خودێدا، ئافره‌تێكی به‌ته‌مه‌نی ئاواره‌ی شنگاله له كه‌مپی شاریا له دهۆك، به كوردستان24ـی گوت، ئه‌گه‌ر بارودۆخی ئه‌منی شنگال ئاسایی بكرێته‌وه و حكومه‌تی عێراق قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه، ئاماده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كه‌یان.
به‌گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه، زیاتر له هه‌شت ملیار دۆلار بۆ دووباره ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی پێویستن، چونكه 80%ـی ژێرخانه ئابووریی ئه‌و شاره له‌لایه‌ن داعشه‌وه وێرانكراوه.