ئاكپارتی: هه‌ڵبژاردن له‌ توركیا دواناخرێت

K24 – هه‌ولێر:

بەرپرسێکی باڵای ئاکپارتی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (27ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، موستەفا ئەلیتاش، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پرسی دواخستنی هەڵبژاردنەکان جێگەی باس نییە و دواناخرێت. 

ئەم لێدوانەی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لەکاتێکدایە، بەپێی یاسا پێویستە هەڵبژاردنەکان لە 18ـی حوزەیران بەڕێوەبچێت بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بە پێشخستنی بۆ 14ـی ئایار داو و چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەفتەیە پرسەکە یەکلایی بکرێتەوە.

وابڕیاره‌ رۆژی پێنجشممه‌ی داهاتوو (2ـی ئادار/مارتی 2023)، سه‌ركرده‌ی هه‌ر شه‌ش لایه‌نه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كه‌ی توركیا كۆببنه‌وه‌ و سەرۆکی جەهەپە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو کەسەی دەبێتە کاندیدی شەش لایەنەکە بەبێ جیاکاری داوای دەنگ لە سەرجەم ناوچە، ناسنامە و بیروباوەڕەکان دەکات و ئەمەش هەوڵێکی ئاسایی و سرووشتییە له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (22ـی كانوونی یه‌كه‌م/یه‌نایری 2023)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند، 14ـی ئایار/مایۆی 2023، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی له‌ توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.