سەرۆککۆماری عێراق بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی میری کوێت کرد

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

K24 - هەولێر:

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق،  بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی نەواف ئەحمەد جابر سەباح، میری کوێت کرد تاوەکو سەردانی عێراق بکات.

ئەحمەد سەحاف بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە "مەنهەل سافی، باڵیۆزی عێراق لە کوێت، لە کۆشکی بەیانی چاوی کەوت بە مەشعەل ئەحمەد جابر سەباح، جێنشینی کوێت و نامەیەکی دەستنووسی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رادەستکرد کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە بانگهێشتنامەیەک بۆ نەواف ئەحمەد جابر سەباح، میری کوێت تاوەکو سەردانی عێراق بکات".

بەگوتەی ئەحمەد سەحاف بەشێکی نامەکە پەیوەستە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، مەشعەل ئەحمەد جابر سەباح، جێنشینی کوێت،  سوپاسی سەرۆککۆماری عێراقی کردووە بۆ نامەکەی و جەختی لە پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە.