مامۆستایانی ئایینی لە چاكسازییەكان سیمینار پێشکەش بە گیراوان دەکەن

K24 – هەولێر:

بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە و دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەروونی گیراوانی چاکسازییەکان، مامۆستایانی ئایینی لە مانگێکدا سێجار سەردانی چاکسازییەکان دەکەن بە مەبەستی پێشکەشکردنی سیمینار.

ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی چاكسازییەكانی ھەرێمی كوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رێککەوتوون، لە مانگێکدا سێجار مامۆستایانی ئایینی سەردانی چاکسازییەکان بکەن بۆ پێشکەشکردنی سیمینار بۆ گیراوان.

لەبارەی ئامانج لەو هەنگاوە، بەڕێوەبەری گشتی چاكسازییەكانی ھەرێمی كوردستان روونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان پابەندە بەلایەنی ئایینی، بۆیە لەرێگەی مامۆستایانی ئایینیەوە دەیانەوێت کاریگەری لەسەر دەروونی زیندانیکراوان دروستبکەن کە پێشتر تاوانیان ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست بگەڕێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.

هەروەها ئیحسان عەبدولرەحمان، سوپاسی ئەو هەڵوێستەی مامۆستایانی ئایینی کرد کە بێبەرامبەر مانگانە سێجار سەردانی چاکسازییەکان دەکەن و ئەو سیمینارانە پێشکەش دەکەن، کە ئەم هەناگەوەش بە هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاکسازی و یەکێتی زانایان ئەنجامدەدرێت.