رێبوار تاڵەبانی: دەستێکی "تێکدەر" نزیکبوونەوەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەدڵ نییە

رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەرەی ئیدارەی هەرێم، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24 کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی کرد
رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەرەی ئیدارەی هەرێم، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24 کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی کرد

K24 - هەولێر:

راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێت، دەستێکی "تێکدەر" ئەو کەشە ئەرێنییە و نزیکبوونەوەی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بەدڵ نییە و دەیەوێت تێکیان بدات. ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە ساڵی 2005ەوە سیادەی لەدەستداوە و لە 2011ەوەش  کەوتووەتە ژێر "هەژموونێکی ئەقلیمییەوە."

رۆژی هەینی 21ـی نیسانی 2023، هێمن دەڵۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، زیاتر لە 400 کەس لە عەرەبی هاوردە لە گوندی پەلکانە بە دار و بەرد، رووبەڕووی هاووڵاتییانی کورد بوونەتەوە و زیاتر لە 10 هاووڵاتی کوردی گوندەکەیان بریندار کرد.

 

 

ئەمڕۆ شەممە 22ـی نیسانی 2023، رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەرەی ئیدارەی هەرێم، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24 کە گوڵباخ بەهرامی پێشکەشی کرد، باسی لە هێرشەکەی دوێنێ هەینیی عەرەبە هاوردەکان کرد گوندی بۆ سەر هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی گوندی پەلکانە.

رێبوار تاڵەبانی پێیوایە بەردەوامی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی گوندی پەلکانە و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، "درێژەپێدەری ئەو پڕۆسەی تەعریبکردنەیە، کە لە ساڵی 2020 لە سەردەمی کابینەی عەبادی دەستیپێکردووە" و، مەبەست لەو هێرشانەش "زەوتکردنی" ناسنامە کوردستانییەکەی ئەو ناوچانە و "سەپاندنی هەژموونی خۆیانە، کە بەردەوام بە 'شێوەی تەعریب' باسی لێوەدەکەن و شەرمیشی لێ ناکەن".

وەکو راوێژکارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "عێراق لە ساڵی 2005ەوە سیادەی لەدەستداوە و لە 2011ەوەش  کەوتووەتە ژێر هەژموونێکی ئەقلیمییەوە و هیچ دەسەڵاتێکی نەماوە و ئەو جموجووڵانەی لە ناوچە کوردستانییەکان هەن؛ بۆ هەموو لایەنێک دەستکەوتە، تەنها بۆ کورد نەبێت".

دوێنێ هەینی، 21ـی  نیسانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی گوندی پەلکانە، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هێرشەکەی سەر گوندی پەلکانەی رۆژئاوای کەرکووک، "هەوڵێکی نەزۆکە بو تێکدانی ئەو کەشە ئەرێنییەی لە گەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ خەریکین دروستی دەکەین بۆ ئاشتەوایی و چارەسەریی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو سەقامگیری."

بە گوتەی تاڵەبانی، "دەستێکی  تێکدەر" هەیە، ئەو بارودۆخە و کەشە ئەرێنییەی ئێستای نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەدڵ نییە و دەیەوێت بکاتە دەستکەوتێک بۆ هەڵبژاردنەکانی ئاییندە "کە نزیکبووەتەوە و هەموو لایەنەکان هەوڵی بۆ دەدەن".  گوتیشی، "دژایەتی کورد یەکێکە لەو پروپاگەندانەی نەیارانی کورد لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی دەنگێکی زیاتر بەدەستبهێنن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، بەرپرسانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەسەر زۆرینەی پرسەکان ناکۆکن، بەڵام "یەک هەڵوێستن لەسەر ئەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ناسنامەی کوردییان لێ بسەننەوە، لە کاتێکدا لایەنە کوردییەکان ناتوانن بۆ ماوەی کاتژمێرێکیش یەک هەڵوێستبن و وەڵامی نەیارەکانیان بدەنەوە".

راوێژکارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرۆککۆماری عێراق دەکات رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پێیوایە لەجیاتی ئەوەی "سوڵح لەنێوان سوودانییەکان بکات"، با نێوان 'کوردە ڕەسەنەکان' و عەرەبە هاوردەکانی ئەو ناوچانە ئاشت بکاتەوە، بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک و کۆتایی بە کێشەکان بهێڵدرێت.

تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری دادی عێراق کە خۆی خەڵکی کەرکووکە و شەش ئەندام پەرلەمان کە نوێنەری پارێزگاکەن لە پەرلەمانی عێراق، تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان لەبارەی هێرشەکانی سەر هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی گوندی پەلکانە نەبووە.