رووسیا لە مانۆڕی سەربازی ناتۆ نیگەرانە

K24 - مۆسکۆ

لە 22ی نیسانی 2030 مەشقی دیفێندەر23 بە بەشداری 26 وڵاتی ئەندامی ناتۆ لە ئەوروپا دەستپێکردووە و  دوو مانگ بەردەوام دەبێت، ئەم مانۆڕانە ساڵانە بە سەرپەرشتی فەرماندەیی سوپای ئەمەریکا لە ئەوروپا و ئەفریقا بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی  نیشانی بدات کە هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا توانای ئەوەیان هەیە بە خێرایی هێز و کەرەستەی ئامادە بۆ رێگریکردن لەوانەی هەڕەشە لە ئاشتی ئەوروپا دەکەن.

لەبارەی ئەو مانۆڕەی ناتۆ، پسپۆڕ و شارەزایانی سەربازی رووسیا دەڵێن، تەواوی ئەم جموجۆڵانە لە دژی مۆسکۆیە، هەربۆیە وەڵامدانەوەی رووسیا دەبەستنەوە بە کاتەوە.

مانۆری سەربازی 26 وڵاتی ئەندامی ناتۆ لە نزیک سنوورەکانی خۆراوای رووسیا، مۆسکۆی نیگەران و تورەکردووە، شارەزایەکی سەربازی پێی وایە، هەڕەشەکانی ناتۆ گەیشتوونەتە ئاستێک وەڵامدانەوەیان نزیکە.

ئەلیکساندەر کرامارێنکۆ، پسپۆڕی سەربازی لە مۆسکۆ بە کوردستان24ی گوت: "مەبەستیان لەم مانۆڕە سەربازییە زیادکردنی هەڕەشەی جەنگە لەسەر ئێمە لە بەرەی خۆرئاوا و پارێزگای کالینینگراد و دەریای باڵتیک و سنووری بیلاڕووس وەک هاوپەیمانی رووسیا. ئەگەر خۆرئاوا لە پلانی هێرشی پێچەوانەدا لە ئۆکراینا شکستی خوارد، لە رێگەی ئەم هەڕەشانەوە دەخوازێت گفتوگۆی ئاشتی لە چوارچێوەی رێوشوێنی خۆیاندا بەڕێوە بچێت، ئێمە لە پلانی ئەم خۆسازکردنەوەیە تێدەگەین و خۆمان بۆ ئامادە کردوە. بێگومان مەترسی راستەقینەیان دروستکردووە، تۆ بڕوانە چەندە کەرەستەی سەربازی ئەمەریکا رەوانەی ئەوروپا کراوە، ئەوان دەتوانن بە ئاسانی گەمارۆ بخەنە سەر کالینینگراد لە رێی وشکانی و ئاوی و ئاسمانیشەوە، بەم چەشنە دەیانەوێت ئێمە دووچاری دوڕیانێک بکەن، یان ئەوەیە داندەنێین بە رکابەرێکدا کە لە رووی تەکنیکی سەربازییەوە لە ئێمە بەهێزترە، یان دەبێت چەکی ئەتۆمی بچووک و سادە بەکاربهێنین دژی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ".

ناتۆ و نەیارەکانی دیکەی کرێمل، بەردەوامن لە هاوکاریکردنی سەربازی ئۆکراینا، بەڵام تائێستا نەتوانراوە بەر بە پێشرەوییەکانی رووسیا بگیرێت لە ناو خاکی ئۆکراینادا.

جەنەراڵ ڤلادیمێر رۆمانێنکۆ، جێگری یەکەمی سەرۆکی سەربازە دێرینەکانی رووسیا دەڵێت: "ئەم هەنگاوە بۆ پشتیوانی ئۆکراینایە لە پرۆسەی هێرشی پێچەوانەدا، ئێمە بە باشی لەمە تێدەگەین، دەشزانین هەوڵێکی نەزۆکە، چونکە هێزی ئاسمانی و وشکانی و مووشەکی رووسیا بە ئاسانی دەتوانێ هەموو هێرشێکی پێچەوانە تێکبشکێنێت".

دەشڵێت: "تائێستا ناتۆ تەنها لە رێگەی کەرەستەوە بەشداری جەنگ دەکات و کەم و زۆر گرفت دروستدەکات، بەڵام ئەم هاریکارییە لەوە کەمترە بتوانن بەر بە سوپای ئێمە بگرن یان بەسەریدا سەرکەون. دوای بە ئەندامبوونی فینلاند، دۆخی کالینینگراد دژوارتر دەبێت، چونکە وڵاتانی ناتۆ دەڵێن دەریای باڵتیک دەریای ناوخۆی وڵاتانی رێکخراوەکەیە، ئەمەش گرفت بۆ کالینینگراد و بیلاڕووس دێنێتە پێشەوە، هاوکات ئاشکرایە کە رووسیا چەکی ئەتۆمی هەناردەی بێلارووسیا کردووە، بەم چەشنە لەو بەرەیەشدا رووسیا ئەو ئاسایشە ستراتیژییەی پێویستی پێیەتی مسۆگەر دەکات".