نرخی نەوت بەرزبووەوە
K24 - هەولێر:
لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە 79 دۆلار و 66 سهنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
رۆژی هەینی نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت، بەرزبووەوە بۆ 79 دۆلار و 61 سەنت و رۆژەکەی بە 79 دۆلار و 54 سەنت تەواو کرد. ئەمڕۆش لە کاتژمێر 09:32، بەراورد بە نرخی داخستنی پێشوو، بەڕێژەی لەسهدا 0.15 بەرزبوونەوەی بهخۆیهوه بینی و بە 79 دۆلار و 66 سهنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە ھەمان کاتدا، یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI)، بە 76 دۆلار دوو سەنت فرۆشرا.
کەمبوونەوەی یەدەگەکانی نەوتی خاوی بازرگانی و بەنزین لە ئەمریکا کە گەورەترین بەکارهێنەری نەوتە لە جیهاندا، هەروەها بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمێنانی نەوت لەلایەن نۆ وڵاتی ئەندام لە گرووپی ئۆپیک پڵەس کە لە مانگی ئایارەوە جێبەجێ دەکرێت، کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەبوو.
وەبەرهێنەران نیگەرانن لەوەی بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکە ناوەندییەکان، گەشەی ئابووری و خواست لە ئەمەریکا و بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا کەم بکاتەوە.
ئاماژە بەوەش دەدرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە، خاوی برێنت لەنێوان 79 دۆلار و 80 سەنت بۆ 80 دۆلار بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان 79 دۆلار و 24 سەنت بۆ 77 دۆلار و 53 سەنت بمێنێتەوە.