ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر به گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ كۆمكاری عه‌ره‌بی راگه‌یاند
K24 - هەولێر:
ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه به سه‌رپه‌رشتی میسر كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی خۆی گرێدا و بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریای دا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كه‌ی له كۆمكاری عه‌ره‌بی، هاوكات ئه‌مه‌ریكا پێیوایه هێشتا زووه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورسییه به‌تاڵه‌كه‌ی سووریا له كۆمكاره‌كه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (7ـی ئایاری 2023) ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی خۆی سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ ناو كۆمكاره‌كه گرێدا، كه وێڕای بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كه‌ی له كۆمكار، هاوكات پابه‌ندبوونی خۆی بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا دووپاتكرده‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر به بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی راگه‌یاند و گومانی خۆی ده‌ربڕی له چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و كێشه‌كانی سووریا له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا رایده‌گه‌یه‌نێ، هێشتا زووه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورسییه به‌تاڵه‌كه‌ی له كۆمكاری عه‌ره‌بی.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌روه‌ها گومانی خۆی به‌رامبه‌ر به به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا ده‌ربڕیوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و قه‌یرانه‌كانی سووریا.