سه‌عدی پیره‌: پارتی و یه‌كێتی ئەلتەرناتیڤیان بۆ یەکتری نییە و ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه‌ بمێنن

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

K24 - هەولێر:

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت، پەرلەمان، حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم نوێنەری راستەقینەی خەڵکی هەرێمی کوردستانن. ده‌شڵێت: " پارتی و یه‌كێتی ئەلتەرناتیڤیان بۆ یەکتری نییە و ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه‌ بمێنن".

سه‌عدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگه‌یاند، پەرلەمان، حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم نوێنەری راستەقینەی خەڵکی هەرێمی کوردستانن و دەبێت ئەوان نوێنەرایەتی کورد بکەن و رێزی تایبەتیان لێبگرین.

لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یه‌كێتیش دەڵێت: "ئەم دوو حزبە ئەلتەرناتیڤیان بۆ یەکتری نییە و دەبێت بە یەکەوە بمێنن و ئەو دەستپێشخەرییەی هەفتەی رابردووش کرا، دەبێت رێزیان لێبگرین و بێ بەهای نەکەین".

رۆژی (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانه‌ی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوایلێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەوه‌ بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن.

رۆژی  (16 ی 5ی 2023)  پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه‌، له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، "دوای دەستپێشخەریەکەی جەنابی کاک مەسعود بارزانی  کە رۆژی 11 ی 5ی 2023 لە مەراسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی خستیە ڕوو ، هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبونەوه‌ و هاوڕا بوون کە پێکەوە لەگەڵ لایەنە بەڕێزەکانی  دیکەش  هەنگاوی کرداری بنرێت  بۆ بەپیرەوەچوونی ئەودەستپێشخەرییەو ناوماڵی کوردستانی  ڕێکبخرێتەوە  ولاپەرەیەکی  نوێ لە کۆی پەیوەندیەکان بکرێتەوە".