شوان رابەر: کۆمەڵی دادگەری دژی هەوڵەکانی لەنێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە

شوان رابەر
شوان رابەر

K24 - هەولێر:

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، کۆمەڵی دادگەری کوردستان، دژی هەوڵەکانی لەنێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.

شوان رابەر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان، بۆ کوردستان24 ئەو دووپاتی دەکاتەوە، کە حزبەکەیان هەرگیز پشتگیری لەو هەوڵانە ناکات کە لە بەغداوە بۆ لەنێوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت.

دەشڵێت: "ئه‌و گۆڕانکاریانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کراون، بۆ دروستکردنی ئاڵۆزی و ئاژاوەیە لە هەرێمی کوردستان".

دوای پەسەندکردنی هەردوو ماددەی 13 و 14ــی پرۆژەیاسای بودجە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە تایبەتە بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە رەتکرایەوە، بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی ناوەڕۆکی کارنامەی کابینەکەی سوودانی و رێککەوتنی واژووکراوی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵییە.

دوای چەند هەفتەیەک لە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە، پێش چەند رۆژێک لەکۆتایی هاتنی گفتوگۆکان و ئامادەکاری بۆ دەنگدان لەسەر کۆی پرۆژەکە لەلایەن پەرلەمانەوە، چەند پەرلەمانتارێکی لیژنەکە پێشنیازی گۆرانکاری لەو دوو ماددەیەدا پێشکەش دەکەن کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەشەوە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کە وابڕیاربوو رۆژی شەممە (27ـی ئایاری 2023) ئەنجام بدرێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.