ئەردۆغان کابینەی نوێی حکومەتەکەی راگەیاند

کابینەی نوێی تورکیا راگەیەندرا
کابینەی نوێی تورکیا راگەیەندرا

K24 – هەولێر:

دوای سوێندخواردنی یاسایی لە پەرلەمانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کابینەی نوێی حکومەتەکەی راگەیاند کە لە جێگری سەرۆک و 17 وەزیر پێکهاتووە.

ئەمشەو (3ـی حوزەیرانی 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کابینەی نوێی حکومەتی راگەیاند، کە بە دووەم کابینەی حکومەتی تورکیا لە سیستمی سەرۆکایەتی دادەنرێت و زۆربەی ئەو وەزیرانەشی لەم کابینەیەدا لەلایەن ئەردۆغانەوە دەستنیشانکراون کەسایەتی نوێن و 15 وەزیری کابینەی پێشوو لەم خولەی پەرلەماندا کورسی پەرلەمانییان لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایار بەدەستهێناوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا سوێندی یاسایی دەخۆن.

لەمیانی ئاشکراکردنی کابینەکەیدا، ئەردۆغان سوپاسی ئەندامانی کابینەی پێشووی کرد و هیوای سەرکەوتنی لەکاری پەرلەمانتارییان بۆ خواست و جارێکی دیکەش سوپاسی دەنگدەرانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی کرد و رایگەیاند، بەهۆی ئەوانەوە دیموکراسی لە وڵاتەکەیان سەرکەوت و تورکیا ئەمڕۆ لە دوێنێ بەهێزترە.

هاوکات ئەردۆغان بەتایبەتی سوپاسی ئەو 27 ملیۆن هاووڵاتییەی کرد کە متمانەیان بە هەڵبژاردنەوەی ئەوداوە و هاوبەشەکانی ناو هاوپەیمانی کۆماریشی لەیادنەکرد، کە بەشداربوون لە سەرکەوتنیدا و دووپاتیشی کردەوە، لە خزمەتکردنی سەرتاسەری تورکیا بەردەوام دەبن.

کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا کە دەبێتە 68ـەمین کابینەی ئەو وڵاتە و بەهۆی سیستمی سەرۆکایەتییەوە، هەر لەلایەن خودی ئەردۆغانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و جەودەت یڵمازیش وەک جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا دەستنیشانکرا.

وەزیرەکانی کابینەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەم ناوانە پێکهاتووە:

جەودەت یڵماز: جێگری سەرۆک

یڵماز تونج: وەزیری داد

وداد ئیشق هان: وەزیری کار و بیمەی کۆمەڵایەتی

ماهینور ئۆزدەمیر گوکتاش: وەزیری خێزان خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی

محەممەد ئۆزهاسەکی: وەزیری ژینگە و شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوا

هاکان فیدان: وەزیری دەرەوە

ئەلب ئەرسەلان بەیرەقدار: وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان

عوسمان ئەشکین باک: وەزیری وەرزش و لاوان

محەممەد شیمشەک: وەزیری گەنجینە و دارایی

عەلی یەرلیکایا: وەزیری ناوخۆ

محەممەد نوری ئۆرسۆی: وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار

یوسف تەکین: وەزیری پەروەردە و خوێندن

یەشار گولەر: وەزیری بەرگری

فەخرەدین کۆجە: وەزیری تەندروستی

محەممەد فاتح کاجر: وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیا

ئبراهیم یوماکلی: وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکان

عومەر بوڵات: وەزیری بازرگانی

عەبدولقادر ئۆرالئۆغڵو: وەزیری گواستنەوە و ژێرخان

ئەمەش دوای ئەوە هات ئەمڕۆ شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023) رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە بەردەم خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا کە دوێنێ هەینی ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەکاربوون، لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە وەک بە تەمەنترین ئەندامی پەرلەمان، سەرۆکایەتی دانیشتنەکان دەکات، بەڵگەنامەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان بە سەرۆکی تورکیا پێشکەش بە ئەردۆغان کرد.

رۆژی پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، 54 ملیۆن و 23 هەزار و 601 هاووڵاتی دەنگیان داوە و رێژەی بەشداریکردن 84.15% بووە.

لەبارەی ئەنجامەکانیشەوە، کۆی گشتی دەنگەکانی ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن،  27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ بووە و لە بەرامبەردا، کڵچدارئۆغڵو 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 کەس دەنگی هێناوە. بە فەرمیش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا.

بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆن لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە هاوپەیمانی کۆمار، 49.52%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرە سەرەکییەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، لە هاوەپەیمانی میللـەت 44.88%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و سینان ئۆغانیش لە هاوپەیمانی ئاتا، 5.17%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

بەپێی رێژەی دەنگەکانی هەڵبژاردنیش لە گەڕی یەکەم کە رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 86.98%، رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، 27 ملیۆن و 133 هەزار 837 دەنگی بەدەستهێنا، کەمال کڵچدارئۆغڵوش 24 ملیۆن و 594 هەزار و 932 دەنگی بەدەستهێنا، دەنگەکانی سینان ئۆغانیش بریتی بوو لە دوو ملیۆن 831 هەزار و 208 دەنگ.

بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی (کە لەو لیستەدا پارتی ده‌ڤا 15 کورسی، پارتی ئایندە 10 کورسی، پارتی سەعادەت 10 کورسی، پارتی دیموکرات سێ کورسی و پارتی گۆڕانی تورکیاش یەک كورسییان بەدەستهێناوە)، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی،  پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێناوە.