هاوسەرۆکانی هەدەپە خۆیان کاندید ناکەنەوە

هاوسەرۆکانی هەدەپە
هاوسەرۆکانی هەدەپە

K24 – هەولێر:

بەهۆی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە، هەردوو هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە کۆنگرەی پێشوەختەی حزبەکەیان خۆیان کاندید ناکەنەوە و دەستلەکار دەکێشنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (4ـی حوزەیرانی 2023)، هەریەکە لە مەتحەت سەنجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی هەدەپە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایاری 2023، رایانگەیاند، لە کۆنگرەی پێشوەختەی پارتەکەیان خۆیان کاندید ناکەنەوە.

هاوسەرۆکانی هەدەپە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەیان بە وازهێنانیان لە پۆستەکانیان و جێهێشتنی بۆ دوو کەسی نوێی پارتەکەیان کرد، وەک بەشێک لە بەدەمەوەچوونی ئەو رەخنە و پێشنیازانەی لەدوای هەڵبژاردنەکان ئاراستەیان کراوە.

پێشتریش سەڵاحەددین دەمیرتاش، پەیامێکی ئاراستەی سەرکردەکانی هەدەپە کرد و داوای گۆڕانکاری و بەخۆداچوونەوە لە سیاسەتی هەدەپە کرد و خۆشی وازهێنانی لە سیاسەت لەم قۆناغەدا راگەیاند.

بڕیارەکەی دەمیرتاش لەکاتێکدابوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە گوتاری سەرکەوتنیدا رایگەیاندبوو کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەودا هەرگیز سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد ناکرێت.

سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و ژمارەیەک پەرلەمانتار و سەرکردەی دیکەی هەدەپە، بەتۆمەتی پەیوەندییان لەگەڵ پەکەکە، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیرکران.

هەدەپە یەکێکە لەو پارتە سیاسییانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی 14ـی ئایار دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون. لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 و بە دیاریکراویش لە قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا، هەدەپە توانی دەنگی خۆی بگەیەنێتە لوتکە و 80 کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بارودۆخەکە پێچەوانەبوو دەنگێکی زۆری لەدەستدا.

سێیەم هەڵبژاردنە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەشێوەیەکی بەردەوام دەنگەکانی لەدەست دەدات و بووەتە نەریتێکی نێگەتیڤی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنەکان. لە دوای شکستهێنانی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە تا ئێستا هەدەپە ملیۆنێک و 266 هەزار دەنگ واتە 19 کورسیی لەدەستداوە.

پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) کە دواتر داخرا و لە شوێنی ئەو پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دامەزرا،  لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2011ـدا بە بەدەستهێنانی 6.4 ـی دەنگەکان توانی 34 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا مسۆگەربکات. لەوکاتەدا، بەدەپە بەهۆی بەربەستی یاسایی پەرلەمان لەرێگەی کاندیدانی سەربەخۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان کرد بۆیە ژمارەی دەنگەکان بەگوێرەی پێویست نەبوو، بە یەک لیستی دەیتوانی دەنگی زیاتر بەدەستبێنێت.

هەڵبژاردنەکانی 7ـی حوزەیرانی ساڵی 2015 و بەدیاریکراوی کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هەدەپە توانی دەنگەکانی بکاتە دوو هێندە و 80 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

ساڵی 2018 کە ئەوکات پرۆسەی ئاشتی شکستیهێنابوو، هەروەها لە رۆژئاوای کوردستانەوە تاوەکو خواکورک شەڕێکی بەرفراوان لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە بەرپاببوو، لەو کاتەدا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوون و هەدەپە دەنگەکانی کەمکرد، بەشێوەیەک لە کۆی گشتیدا 13 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەچاو هەڵبژاردنی پێشتر لەدەستدا.

هەرچی پارتی دیموکراتی گەلانە (هەدەپە) کە لەم هەڵبژاردنەدا بەهۆی مەترسی داخستنی پارتەکە کە ئێستا دۆسیەکەی لە دادگای باڵای دەستووری تورکیایە، بەناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی 2023 کرد و بەگوێرەی دەرئەنجامە بەراییەکان رێژەی 8.8%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە کە دەبێتە خاوەنی 61 کورسی لە خولی 28ـەمینی پەرلەمانی تورکیا. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2018ـەدا، هەدەپە رێژەی 11%ـی دەنگ و 67 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.

ئەوەی لە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی 2023ـدا دەرکەوتووە، ژمارەی دەنگەکانی هەدەپە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. کە لەژێر ناوی پارتیی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کرد و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لەگەڵ لایەنە چەپەکانی تورکیا، لە هەموو پارێزگاکان کاندیدیان هەبوو. بەو پێیەش لە کۆتاییهاتنی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە تاوەکو ئێستا هەدەپە ملیۆنێک و 266 هەزار دەنگ، واتە 19 کورسی لە پەرلەمانی تورکیا لەدەستداوە.

لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 کە گفتوگۆکانی قۆناغی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە لەئارادابوو، پێگەی هەدەپە لە شانۆی سیاسی تورکیا، ژمارەیەکی کاریگەربوو بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە سیاسییە ئاڵۆزەکان، تا گەیشتن بە داواکردن بۆ بەشداریکردن لە پێكهێنانی حکومەت.

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیاش، هەدەپە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردن کە لە 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، هەروەها لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنیشدا کە لە 28ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، پشتیوانییان لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت کرد لەبەرامبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار کە لە ئەنجامدا، ئەردۆغان سەرکەوتنی بەدەستهێنا و رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2023 سوێندی یاسایی خوارد و کابینەی نوێی حکومەتی راگەیاند.