گوتەبێژى نوێى سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا دیاریکرا

عاکف جاغاتاى کیلیچ
عاکف جاغاتاى کیلیچ

K24 – هەولێر:

بەگوێرەى نوێترین بڕیارى سەرۆک کۆمارى تورکیا، عاکف جاغاتاى کیلیچ وەک گەورە راوێژکار و گوتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا دەستنیشانکرا.

فەرمانى دەستنیشانکردنى گوتەبێژى نوێى سەرۆکایەتى تورکیا، ئەمڕۆ سێشەممە (6ـى حوزەیرانى 2023) لە رۆژنامەى فەرمى ئەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە، ئەمەش دواى ئەوە دێت کە ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژى پێشووى سەرۆکایەتى تورکیا لەلایەن ئەردۆغانەوە بە سەرۆکى دەزگاى هەواڵگرى نیشتمانى تورکیا لە شوێنى هاکان فیدان دەستنیشانکرا.

لە فەرمانەکەدا، ئەردۆغان نازناوى باڵیۆزیشى بە عاکف جاغاتاى کیلیچ بەخشیوە و لەگەڵ ئەرکى گوتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمار، دەبێتە سەرۆکى دەستەى راوێژکارانى سەرۆک کۆمارى تورکیا.

عاکف جاغاتاى کیلیچ لە خولى پێشوودا (2018-2023) ئەندامى پەرلەمانى تورکیا بوو لەسەر لیستى ئاکپارتى، پێش ئەوەش لە (2013-2017) وەزیرى وەرزش و لاوانى تورکیا بوو.

گوتەبێژى نوێى سەرۆکایەتى تورکیا لە (15ـى حوزەیرانى 1976) لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆسە لە سیاسەت و توێژینەوەى ئەوروپى لە زانکۆى هارتفۆردشێرى بەریتانى و جگەلە زمانى تورکى، زمانەکانى ئینگلیزى و ئەڵمانى زۆر بە باشى دەزانێت.

باپیرى عاکف جاغاتاى کیلیچ لەنێوان ساڵانى (1961 – 1980) بۆ ماوەى پێنج خولى لەسەر یەک لەسەر لیستى جەهەپە ئەندامى پەرلەمانى تورکیا بووە، بەڵام سینانى باوکى لە ساڵانى 1990ـەتەکان پزیشکى تایبەتى ئەردۆغان بووە لەو کاتەى سەرۆکى شارەوانى ئیستانبوڵ بوو.

شەوی (3ـی حوزەیرانی 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کابینەی نوێی حکومەتی راگەیاند، کە بە دووەم کابینەی حکومەتی تورکیا لە سیستمی سەرۆکایەتی دادەنرێت و زۆربەی ئەو وەزیرانەشی لەم کابینەیەدا لەلایەن ئەردۆغانەوە دەستنیشانکراون کەسایەتی نوێن و 15 وەزیری کابینەی پێشوو لەم خولەی پەرلەماندا کورسی پەرلەمانییان لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایار بەدەستهێناوە.

رۆژی پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە کۆی گشتی دەنگەکانی ئەردۆغان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ بوو و لە بەرامبەردا، کڵچدارئۆغڵو 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 کەس دەنگی هێنا.