ڤیان سه‌بری: سازش له‌سه‌ر شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ین

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، فراکسیۆنەکەیان سازش لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات.

ڤیان سه‌بری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، فراکسیۆنەکەیان سازش لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتووی عێراق ناکات.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، بەلای ئەوانەوە گرنگە ماددەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجە بە گوێرەی رێککەوتنی هەرێم و عێراق بێت.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، "پێموایە دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمان (لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە) دەکرێت، چونکە فشاری شەقام هەیە، حکومەت چاوەڕێی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکەیە و 9ـی حوەزیران پشووی پەرلەمان دەستپێدەکات، بۆیە پێویستە رۆژی پێنجشەممە پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت.

دوای پەسەندکردنی هەردوو ماددەی 13 و 14ــی پرۆژەیاسای بودجە لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، کە تایبەتە بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی لێکەوتەوە و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە رەتکرایەوە، بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی ناوەڕۆکی کارنامەی کابینەکەی سوودانی و رێککەوتنی واژووکراوی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵییە.

دوای چەند هەفتەیەک لە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە، پێش چەند رۆژێک لەکۆتایی هاتنی گفتوگۆکان و ئامادەکاری بۆ دەنگدان لەسەر کۆی پرۆژەکە لەلایەن پەرلەمانەوە، چەند پەرلەمانتارێکی لیژنەکە پێشنیازی گۆرانکاری لەو دوو ماددەیەدا پێشکەش دەکەن کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەشەوە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کە وابڕیاربوو رۆژی شەممە (27ـی ئایاری 2023) ئەنجام بدرێت، بۆ پێنجه‌شه‌ممه‌ی داهاتوو دواخرا.

رۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، بڕیاره‌ په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ندی بكات.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو، قەبارەی بودجەی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2023، دەگاتە 197 ترلیۆن و 828 ملیار دینار و کورتھێنان لە بودجەی ئەمساڵدا دەگاتە 63 تریلیۆن دینار.