پەرلەمانی عێراق زۆرینەی ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی پەسەند کردووه‌

په‌رله‌مانی عێراق
په‌رله‌مانی عێراق

K24 - هەولێر:

ئێواره‌ی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دووباره‌ کۆدەبێتەوە و تا ئێستا زۆرینەی ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجە تا مادده‌ی 41 پەسەند کراوه‌، وێڕای دواخستن و لابردنی چه‌ند مادده‌یه‌كی دیكه‌.

بڕیاربوو کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌  11ـی حوزه‌یرانی 2023) پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە بۆ دەنگدان بە ماددەکانی پڕۆژە یاسای بودجە کۆبێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دواخرا.

شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق سێیەم دانیشتنی تایبەت بە پەسەندکردنی ماددەکانی پرۆژەیاسای بودجەی ئەنجامدا، دانیشتنەکە بەئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار و خوێندنەوەی ماددەی 14ی تایبەت بە مافەکانی هەرێمی کوردستان لەبودجە دەستیپێکرد، لەمیانی خوێندنەوەی ماددەی چواردە شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق  و فراکسیۆنی پارتی کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت. دواتر پەرلەمان ماددەکانی 14 و 25 ی تا 41ی لە پرۆژە یاسای بودجە پەسەندکرد.

لەکۆتاییدا پەرلەمان بڕیاریدا، دانیشتنی تایبەت بە پەسەندکردنی ماددەکانی بودجە بۆ دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەڵبگرێت، ئه‌مڕۆ دووباره‌ دانیشتنه‌كه‌ بۆ ئێواره‌ دواخرا.

رۆژی دووشەممە (13ی ئادار/مارسی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بودجەی گشتی پەسەندکرد و بڕیاریدا رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی بکات بە مەبەستی پەسەندکردن.