راپەرین.. بەرهەمی ترۆزی بەروارد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە

K24 - هەولێر

رووبەرێکی زۆری دەڤەری مەرگە و بنگرد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین بە بێستانی ترۆژی داچێندراوە و جووتیارانی دەڤەرەکە دەڵێن، "بەرهەمی ترۆزی ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ کەمیکردووە."

عەبدوڵڵا مەولوود، جووتیارێکی دەڤەری مەرگەیە و دەڵێت، "بەیانیان کاتژمێر 03:00 هەڵدەستین، کرێکارەکان ئامادە دەکەین و دێینە بێستانەکەمان. هەر کە گەییشتین دەست بە رنینی ترۆزییەکان دەکەین و ناوەستین تا تەواویان نەکەین".

لەبارەی ئەو ژمارە زەوییانەی ئەمساڵ لە سنوورەکەیان بە بێستانی ترۆزی داچێندراون، ئەو جووتیارە گوتی، "بەشی زۆری ترۆزی لە بەری مەرگەی، قەرەتەپە، سەرسییان، بەردەکۆڵی و بنگرد کراوە. ئەمساڵ بەراورد بە پارساڵ کەمتر ترۆزی کراوە، چونکە ئەمساڵ گەنم پارەی باش دەکات".

وەکو ئەوەی عەبدوڵڵا مەولوود باسی دەکات، هەموو جۆرە ترۆزییەکیان لەنێو بازاڕدا هەمان نرخ ناکەن. جۆرێک هەیە، لەڕووی قەبارەوە بچووک، گەش، جوان و تەڕن، لە بازاڕ خواستییان لەسەرە و کیلۆیان هەزار دینارە و ئەو کاتی کە بازاڕ قەرەباڵغ بێت، ئینجا بە 750 یان 500 دینار دەیفرۆشن. هاوکات جۆرێکی دیکەش هەیە، کە "گەورە و بەتەمەنن"، دوو سێ کیلۆیان بە هەزار دینارە.

رێباز محەممەد جووتیارێکی دیکەی دەڤەرەکەیە؛ ئاماژە بەوە دەدات، دوای ئەوەی ترۆزییەکان دەڕنن، پۆلینیان دەکەن و بەسەر سێ جۆر دابەشیان دەکەن. "هەندێکینا گەورەن، هەندێکیان وردن و بۆ ترشییات بەکاردەهێندرێن و هەندێکی دیکەش هەن گەورەن و دوو سێ کیلۆیان بە هەزار دینار بە خەڵکی دەفرۆشین".