مەراڵ ئاکشەنەر بە سەرۆکی ئیی پارتی هەڵبژێردرایەوە و دەرگای بەسەر جەهەپەدا داخست

مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی

K24 – هەولێر:

ئیی پارتی کە یەکێک بوو لە هێزەکانی سەر مێزی شەش قۆڵی ناو هاوپەیمانی میللـەت بە سەرۆکایەتی جەهەپە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری رابردووی تورکیا، کۆنگرەی ئاسایی خۆی دەبەستێت و لە گوتارێکدا مەراڵ ئاکشەنەر، نەگەڕانەوە بۆ ناو ئەو هاپەیمانییەتە دووپاتکردەوە.

مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لە سێیەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، لەپێناو ئەوەی پارتەکەی بتوانێت بەشداریی لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 بکات، "داوای 15 پەرلەمانتارم لە جەهەپە کرد کە ئەم بریارە گەورەترین پەشیمانی ژیانمە و تا ئێستا باجی ئەو بڕیارە دەدەین، دەبوایە بجەنگین و خۆمان بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەین بەڵام نەمانکرد".

ئاکشەنەر ئاماژەی بە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کڵچدارئۆغڵو  کرد کە تێیدا داوای لێیکردووە پێکەوە بە هاوپەیمانیەتی بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019 بکەن و لە ئەنجامدا سەرکەوتنیان بەدەستهینا و گوتیشی، "ئەوەی زۆر بووەتە جێگەی نیگەرانی لەلای من ئەو دەنگۆیانە بوو گوایە ئیستانبوڵ بە هاوکاری هەدەپە بەدەستهێنراوە نەوەک ئێمە، ئەو کاتە بۆم روونبووەوە کە ئۆپۆزییسۆن بە چاوی هەرەشە سەیری ئیی پارتی دەکات".

لەبارەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا. ئاکشەنەر گوتی، "هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریمان دۆڕاند و چەندین هۆکاری جیاواز هەن، تۆمەتی ئەوەمان پێدەبەخشنەوە کە ئیی پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا وەکو پێویست کاری نەکردووە. زۆر باشە لەمە بەدواوە هیوای سەرکەوتنتان لە ژیان بۆ دەخوازم".

هاوکات ئاکشەنەر بە بەدەستهێنانی هەزار و 127 دەنگ لە کۆی هەزار و 151 دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی سێیەمی ئاسایی پارتەکەی، بە سەرۆکی ئییی پارتی هەڵبژێردرایەوە.

رۆژی پێنجشەممە (1ـی حوزەیرانی 2023)، ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی فەرمی و کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیای ئاشکراکرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار، 52.18%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوپەیمانی میللـەت 47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کە 54 ملیۆن و 23 هەزار و 601 هاووڵاتی دەنگیان دا و رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 84.15%.

هەروەها بەگوێرەی دەرئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژنامەی فەرمی دەوڵەت بڵاویکردووەتەوە، لیستی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 268 کورسی بەدەستهێناوە، لیستی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) 169 کورسی (کە لەو لیستەدا پارتی ده‌ڤا 15 کورسی، پارتی ئایندە 10 کورسی، پارتی سەعادەت 10 کورسی، پارتی دیموکرات سێ کورسی و پارتی گۆڕانی تورکیاش یەک كورسییان بەدەستهێناوە)، پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) 61 کورسی،  پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، پارتی یەنیدەن رەفا پێنج کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا چوار کورسییان بەدەستهێناوە.

ئیی پارتیش بە سەرۆکایەتی مەراڵ ئاکشەنەر لە هەڵبژاردنی 2023 هاوشێوەی 2018، رێژەی 9%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و ژمارەی کورسییەکانیشی وەکو خۆی مایەوە بە 43کورسی.