بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە: ژمارەیەکی پێوانەییمان لە هاتنی گەشتیاران تۆمارکردووە

چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرای دەکات، لە هەر چوار رۆژی جەژنی قورباندا نزیکەی 100 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو پارێزگەیان کردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران بازاڕ دەبووژێنێتەوە . 

ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی تەممووزی 2023، چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان نزیکەی 100 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە.

ئەو گەشتیارانەی سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە، وەکو ئەوەی چیا قاسم باسی دەکات، زیاتر سەردانی هاوینەهاوارەکانی ئەحمەد ئاوا، زەڵم ناوچەی هەورامان، بیارە، تەوێڵە، وەزنێ و سیسەلامیان کردووە.

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە، هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی گەشتیاران، "ژمارەیەکی پێوانەییە کە ئەمساڵ گەشتوگوزاری گشتیی پارێزگای هەڵەبجە تۆماریکردووە و زۆر دڵخۆشین بە تۆمارکردنی ئەم ژمارەیە."

لەو 100 هەزار گەشتیارەی سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە، وەکو ئەوەی چیا قاسم ئاماژەی پێ دا، "75 هەزار لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوون و 25 هەزاری دیکەش گەشتیار و سەردانکەری ناوخۆیی بوون".

 لەبارەی دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ  ئەو گەشتیارانەی بۆ چەند رۆژێک لە شوێنە گەشتیارییەکان دەمێننەوە؛ بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەی بەوە دا، ئەو گەشتیارانەی لە وەرزی هاویندا سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری ئەو پارێزگایە دەکەن، زیاتر پێیان خۆشە لە نێو کەپر، کۆمەڵگە و ڤێللای گەشتیاریدا بمێننەوە، هاوکات "کەمتر خواست لەسەر هۆتێلەکان هەیە."

بەگوتەی چیا قاسم، ئەو گەشتیارانەی لە رۆژانی جەژندا ماونەتەوە، زیاتر گەشتیار و سەردانکەری ناوخۆیی بوون، کە لە دهۆک، هەولێر، کفری، چۆمان، کفری، کەلار، زاخۆ، ئامێدی و شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە روویان لە سنووری ئەو پارێزگایە کردبوو و بۆ ماوەی دوو تا چوار رۆژ ماونەتەوە. دەشڵێت، کێشەی مانەوەی گەشتیاریان نەبووە، چونکە ژمارەی ئەو گەشتیارانەی ماونەتەوە کەمبووە، "بەشێکی زۆریان بەیانیان دەهاتن و ئێوارەکەی دەچوونەوە."

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، ئەو پلانەی بۆ هەر چوار رۆژی جەژنی قوربانیان دانابوو، بە بەباشی جێبەجێکراوە. هاوکات ئەوەی خستەڕوو، لە رۆژانی جەژندا کەمێک کێشەی هاتووچۆیان هەبووە، بەڵام بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کێشەکەیان چارەسەر کردووە.

چیا قاسم روونیکردەوە، ئاستەنگی سەرەکی بەردەم گەشتیارانی ناوخۆ و باشوور و ناوەڕاستی عێراق، کە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن، "رێگەی هەورامان، بەتایبەت رێگەی بیارە بۆ تەوێڵەیە، کە وەکو پێویست باش نییە. هەڵبەتە وا بڕیارە دوای جەژن دەست بە نووژەنکردنەوەی بکرێت."

ئەو بەرپرسەی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران بۆ سنووری پارێزگاکەیان بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناودەبات و دەڵێت، لەو 100 هەزار گەشتیارەی سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانیان کردووە، "ئەگەر هەر یەکەیان 10 هەزار دیناری خەرجکردبێت، یەک ملیار دینار هاتووەتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، کە ئەمە جووڵەی بازاڕ دروست دەکات."

هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی گەشتیاران بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە کاتێکدایە؛ رۆژی هەینی 30ـی حوزەیرانی 2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشبینی دەکەن بۆ جەژنی قوربان زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.