كابینه‌ی نۆیه‌م؛ چاكسازی و خزمه‌تكردن و بووژانه‌وه‌

K24 - هەولێر:

چوار ساڵ بەسەر پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، لە کابینەی نۆ لە سایەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەرکەوتووانە هەریەک لە قەیرانەکانی کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت، کارەساتە سرووشتییەکان و لێکەوتەکانی شەڕی داعش تێپەڕێندرا.

لەو کاتەی مەسرور بارزانی وەک سەرۆکوەزیران دەستبەکاربوو، هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دارایی خراپدابوو، لەم کابینەیە توانراوە سەرجەم مووچەکان دابەشبکرێت، بەشێك لە قەرزە کەڵەکەبووەکان بدرێنەوە و دەیان پڕۆژەی ستراتیژیش دەستیانپێکرد و پڕۆژە وەستاوەکانیش زۆربەیان دەستیان بە کار کردەوە.

 سەرۆکوەزیران لەگەڵ دەستبەکاربوونی گووتی: هاووڵاتییان میحوەری کارەکانی کابینەی نۆیەم دەبن، هەر لەسەر ئەو سیاسەتەش توانراوە 80٪ـی کارنامەی کابینەی نۆیەم جێبەجێبکرێت، خزمەتگوزارییەکان بە ئاستێکی باشتر پێشکەش بە هاووڵاتییان بکرێت.

رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی شەڕی داعش، رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، قەیرانی ئابووری و دارایی، هەوڵی هەندێک کەس و لایەن بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە، هەموو ئەمانە هاووڵاتییانی دووچاری جۆرێک لە بێئومێدی و دڵەڕاوکێ کرد.

 تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە پێویستی بە سەرکردە و رێبەرێکی کاریزما و خاوەن بیرکردنەوەیەکی قووڵ هەبوو، بۆ ئەوەی کوردستان و هاووڵاتییان بگەیێنێتەوە لێواری ئارامی و خۆشگوزەرانی.

کوردستانیان لەو کاتەدا پێیانوابوو، تەنیا ئومێدێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە و هێنانەوەی ئاهێک بەبەر خەڵکی نیشتمانپەروەر و چاکسازیخواز، پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێزی حکومەتە،  لە 10ی تەمموزی 2019 مەسرور بارزانی، کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستانی پێکهێنا و چەکووشێکی پۆڵایینی لە پاکی، راستگۆیی و بوێری لەدەستبوو، ئەمەش هاووڵاتییانی دڵخۆشکرد و گەندەڵکارانیشی تۆقاند.

مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستبەکاربوونی رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان دیدگایەکی جیاوازم هەیە ،  ئه‌ركی من ئەوەیە، له‌ ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌دا ، ئەو شێوازه‌ بگۆڕم كه‌ كاره‌كانی پێ ئەنجام دەدەین.

 وەك سەرۆكوەزیران، رێگایەكی جیاواز بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان دەخەمەڕوو، كه‌ پشت به‌ ده‌ستكه‌وته‌كانمان ده‌به‌ستێت و وه‌ڵامگۆی داینامیكییه‌تێكی جیهانی پێشكه‌وتووه‌.

لە چوار ساڵدا کوردستان رووبەڕووی چەندین قەیران و ئاڵنگاری بووەوە، هەندێکیان سرووشتی و هەندێکی دیکەشیان بە ئەنقەست و بە مەبەستی لاوازکردنی حکومەت کاریان بۆ کرا، بەڵام سەرۆکوەزیران وەکو هەمیشە بەرەنگاری سەختییەکان بووەوە و بەربەستەکانی تێکشکاند و رۆژ لەدوای رۆژ ئومێدی دیکەی بە هاووڵاتییان دەدا.

بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تەنگی بە هەندێک لە حکومەتەکانی جیهان هەڵچنیو و چەندین وڵاتی گەیاندە لێواری ئیفلاسبوون، لە کوردستان سەرۆکوەزیران راستەوخۆ تیمێکی بە سەرۆکایەتی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پێکهێنا و جەختیکردەوە، گیانی هاووڵاتییان لە هەموو شتێک بە نرخترە و هەموو هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی کۆرۆنا بە سەرکەوتووی دەدەن، دواجار بە لێزانی سەرۆکوەزیران، هەرێمی کوردستان سەرکەوت و قۆناخی کۆرۆناش تێپەڕی.

ئەو پیاوێکە گوفتار و کرداری یەکن، هەرشتێک بڵێت، دەیهێنێتەجێ، هەر بەڵێنێک بدات بەجێی دەگەیێنێت، ئەو کاتەی بووە سەرۆکوەزیران کوردستان لە بارودۆخێکدابوو، تەواوی پرۆژەکان وەستابوون، مووچە بەزەحمەت دەدرا و باری دارایی خەڵک زۆر خراپ بوو، لەم رووانگەیەوە سەرۆکوەزیران قۆڵی لێهەڵماڵی و بڕیاری چاکسازیی ریشەییدا و  لە خەرجییەکان و داهاتەوە دەستیپێکرد،  بەشێوەیەک خەرجییەکانی کەمکردەوە و داهاتی زیادکرد.

ئەو بە بەهێزی و راستگۆییەوە رووبەڕووی کێشەکان بووە و هەوڵی بۆ کوردستانێکی بەهێزدا، هەربۆیەش موجامەلەی هیچ کەسێک و لایەنێکی لەسەر حسابی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان نەکرد و گوێی لەو کەسانە نەگرت، کە تێوەگلابوون لە گەندەڵی و بەهۆی چاکسازییەکانیشەوە هاواریان دەگەیشتە کەشکەڵانی فەلەک، ئەو دەڵێت، با لە موجامەلەی سیاسی دەرچین، بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو ببینینەوە، دەبێ راستگۆ بین لە دەستنیشانكردنی هەڵەكان و كێشەكان، كێشەیەكی سەرەكیی ئەم وڵاتە ئەوەیە كە متمانە زۆر كەم بۆتەوە یان ترس زاڵ بووە.

ئەو گوتی، هاووڵاتی میحوەری کارەکانی کابینەکەم دەبێت، هەربۆیە بایەخی زۆری بە رێگەکاندا و چەندین پڕۆژەی تایبەت بە رێگەوبانی جێبەجێکرد،هەروەها کۆتایی بە نیگەرانی جووتیاران هێنا و لە رێگەی پەیوەندییەکانییەوە چەندین بازاڕی جیاوازی بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی دۆزییەوە.

سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم نیگەرانی لایەن و هەندێک کەسی لەنێوخۆ و دەرەوە لێکەوتەوە، هەربۆیە هەوڵیاندا لە رێگەی بڕینی قووتی خەڵک و رێگریکردن لە رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا، چۆک بە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیراندا بدەن، بەڵام ئەمانە هەوڵی نەزۆکبوون ، سەرۆکوەزیران جارێکی دیکە لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە هەوڵەکانی خستەگەڕ و لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق  واژۆکرد، کە تێیدا جەخت لە مافە دەستووریی و داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، ئەو بە دەسەڵاتدارانی عێراقی گوت، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین و هەرگیز دەستبەرداری کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش نابین.

ئەو ئەندازیار و رێکخەرەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و جیهانە ، ئەو پەیوەندییانەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر لاوازببوون، سەرۆکوەزیران  لە چوار ساڵدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرنگ و بەرهەمداری بۆ داهاتووی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدا، هەروەها سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەدان شاندی وڵاتان بۆ هەبوونی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێریانکرد.