ئێران و عێراق رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی نەوت و گاز واژوو دەکەن

ئاڵای عێراق و ئێران
ئاڵای عێراق و ئێران

K24 - هەولێر

هەردوو حکومەتی عێراق و ئێران رێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی گازی هاوردەکراو لە ئێران بەرامبەر بە نەوتی خاوی عێراق.

بەگوێڕەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، عێراق و ئێران رێککەوتنێکیان لەبارەی ئاڵوگۆڕکردنی گازی هاوردەکراو لە ئێران بەرامبەر بە نەوتی خاوی عێراق واژووکرد کە بەپێی رێککەوتنە گازی هاوردەکراو لە ئێران کە بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێندرێت، بە نەوتی خاوی عێراق و نەوتی رەش ئاڵوگۆڕ دەکرێت.

رێککەوتنەکە لە لایەنی عێراقییەوە لە لایەن ئیحسان یاسین عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران  و لایەنی ئێرانی لەلایەن محەممەد کازم سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا واژوو کراوە.

رێککەوتنەکە دوای ئەو دانوستانانە هات کە چەند رۆژێکی خایاند لەنێوان شاند و لیژنە هونەریی و تەکنیکیەکانی هەردوولا.

لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دابینکردنی گاز بۆ بەکارخستنی وێستگەکانی کارەبا لە وڵاتەکەدا، هەروەها دوورکەوتنەوە لە کێشەی دارایی و ئاستەنگی سزاکانی ئەمەریکا کە رێگریی لە بەردەوامیی پێدانی پێداویستییەکانی هاوردەکردنی گاز و بەکارخسینی وێستگەکان و سەقامگیریی لە بەرەهەمهێنانی وزەی کارەبا دەکات.