عێراق بۆ ماوەی ساڵێکی دیکەش سووتەمەنی و نەوت بۆ لوبنان دابین دەکات

ئاڵای عێراق و لوبنان
ئاڵای عێراق و لوبنان

K24 - هەولێر

رێککەوتنی نێوان عێراق و لوبنان سەبارەت بە "دابینکردنی نەوت لە بەرامبەر خزمەتگوزاری و بەرھەمە بازرگانییەکان" بۆ ماوەی یەک ساڵ درێژکرایەوە.

بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵی عێراق "واع" حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەلید فەیاز، وەزیری وزە و سەرچاوەکانی ئاوی لوبنان لە رێوڕەسمێکدا لە شاری بەغدا دەقی درێژکردنەوەی رێککەوتنەکەیان واژوو کرد.

بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و بەیروت، عێراق بۆماوەی ساڵێک سووتەمەنی و نەوت بۆ لوبنان دابین دەکات.

حەیان عەبدولغەنی لە راگەیەندراوێکی نووسراودا ئاماژەی بەوەدا، ھەردوو لایەن کۆمسیۆنی تەکنینکی بەمەبەستی چاودێریکردنی پرسەکانی لوجیستیی لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا کە بۆ ماوەی ساڵێک درێژکراوەتەوە، دادەمەزرێنن.

ھاوکات وەزیری وزە و سەرچاوەکانی ئاوی لوبنان راگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و تێدا رایگەیاند "ماددەکانی رێککەوتنەکە وەک خۆیان دەمێننەوە و لە جیاتی یەک ملیۆن تۆن، بڕی یەک ملیۆن و 500 ھەزار تۆن سووتەمەنی بۆ لوبنان دابین دەکرێت".

ھاوکات ئاشکراشی کرد، لە عێراقەوە بڕی دوو ملیۆن تۆن نەوتی خاو بۆ دامەزراوەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای سەربە وەزارەتی وزەی لوبنان دابین دەکرێت.

لوبنان کە لە ئێستادا رووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووەتەوە، لە مانگی تەمموزی 2021 لە بەرامبەر خزمەتگوزاری و بەرھەمە بازرگانییەکان رێککەوتنێکی لەگەڵ عێراق بۆ ھاوردەکردنی یەک ملیۆن تۆن نەوت بە مەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی پێویست بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، واژوو کردبوو. عێراق و لوبنان لە ساڵی 2022 رێککەوتنەکەیان بۆ یەک ساڵ درێژکردبووەوە.