یانەی هەولێر میوانی ئێوارەخوانێکی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بوون

K24 – هەولێر:

پارێزگای هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، یانەی هەولێر، میوانی ئێوارە خوانێکی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بوون.

پارێزگای هه‌ولێر له‌ چوارچێوه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئەمشەو (چوارشەممە 2ـی ئابی 2023)، بەبۆنەى گه‌یشتنیان بە یاریی كۆتایی جامی عێراق، بە ئامادەبوونی شەعبان شەعبان چالی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و سەرۆک و دەستەى کارگێڕى و راهێنەر و سەرپەرشتیار و یاریزانانى یانەی وه‌رزشی هەولێر، میوانی ئێوارە خوانێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون.

وێڕای ئەوەی بە ناوى سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، دووبارە پیرۆزبایی لە یاریزانانی یانەی هەولێر کرا بە بۆنەی سەرکەوتنیان بۆ یاری کۆتایی جامی عێراق، دووپاتكرایه‌وه‌ کە لە یاری کۆتایدا یانەی هەولێر سەرکەوتن بەدەستدەهێنێ و جامی عێراق بۆ یانەی هەولێر دەبێت، کە لە ڕۆژی شەممە 2023.8.5 لە یاریگای شەعب لە بەغدا بەرامبەر بە قوەی جەویی یاری کۆتایی پاڵەوانیەتیەکە ئەنجامدەدات.

رۆژی (31ـی تەمموزی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، پیرۆزبایی لە یانەی وەزرشی هەولێر و سەرجەم یاریزانانی دەکەم بۆ گەیشتنی بە یاری کۆتایی جامی عێراق.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی پاڵەوانێتییەکەی بۆ یانەی هەولێر خواست و پشتیوانیی خۆشی بۆ یانەی هەولێر دووپاتکردەوە.

کاتژمێر هەشتی شه‌وی (31ـی تەمموزی 2023)، لە یاریگای نێودەوڵەتی شەعب لە بەغدا، یانەی هەولێر لە یاریی پێشکۆتایی جامی عێراق رووبەڕووی یانەی حدوود بووە و یارییەکەی بە گۆڵێکی یاریزان مەحموود خەلیل لێبردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی عێراق.