هەنگوینی شانەی کوردستان بە پلەی یەکەم دیاریکرا

K24 – هەولێر:

جارێکی دیکە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئاسیا و عەرەبی هەنگوینی شانەی کوردستان بە پلەی یەکەم دیاریکرا.

عارف شێروانی سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێم کوردستان تایبەت بە کوردستان 24 رایگەیاند لەمیانەی بەشداریکردن لە شازدەهەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی کۆمەڵەی هەنگەوانانی ئاسیا لە سعودیە هەنگەوانێکی کوردی دانیشتووی هەولێر بەناوی فەرهەنگ حوسێن بەکر  توانی لە هەنگوینی شانەدا پلەی یەکەم  لەسەر ئاستی وڵاتانی بەشداربوو بەدەست بهێنێت، ئەم کۆنگرەیە ساڵانە لە نێوان وڵاتانی ئاسیا ئەنجام دەدرێت و شاندی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان بەشداری تێدا دەکەن و بەردەوام هەنگوینەکانیان بڕوانامەی پلە بەرزیان وەرگرتووە.

کۆنگرەی نێودەوڵەتی کۆمەڵەی هەنگەوانانی ئاسیا هەر جارەی لە وڵاتێک ئەنجام دەدرێت، ئەمساڵ سعودییە و ساڵی داهاتووش وا بڕیارە لە پەکین بەڕێوە بچێت.

ماوه‌یه‌كه‌ به‌رهه‌مه‌كانی كوردستان له‌ بازاڕه‌كانی جیهان داواكاری زۆری له‌سه‌ره‌ و به‌ پله‌ی یه‌كه‌م دیاریده‌كرێت، نموونه‌ش دوای گەیشتنی یەکەم کاروانی پەتاتەی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی کەنداو. بووە جێی سەرنجی زنجیرە چێشتخانە جیهانییەکان بەتایبەتی ماکدۆناڵدز، کەی ئێف سی و هاردیز.

یەکێک لە گەورەترین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانە لە بازاڕە جیهانییەکان، لە ساڵی رابردوو بە فەرمی دوو هەزار تۆن هەنار هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کرا و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش جگە لە هەنار هەریەکە لە بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرێن، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، برنجی کوردی و تەحینی کونجیی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی رەوەندی کوردی بەشێوەیەکی فراران لێیدا دەژین، خواستی لەسەرە. هەروەها، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و زەیتی زەیتوون و ئاوتەماتە و چەندین بەرهەمی دیکە، بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکەنەوە.

675