بڕیار و رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە دوو مانگی رابردوودا

بانکی ناوەندیی عێراق
بانکی ناوەندیی عێراق

K24 – هەولێر:

لەمانگی 10ـی ساڵی رابردووەوە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە بازاڕی رەشدا بەهای خۆی لەدەستداوە و بەردەوام جیاوازی بەهای 100 دۆلار لە نێوان بانک و بازاڕی رەشدا نزیکەی 20 هەزار دینارە و خستنەڕووی چەندین پاکێج و ئاسانکاریش لەلایەن بانکی ناوەندییەوە نەیتوانیوە سەقامگیرییەک لە بازاڕی دراو دروست بکات.

لەماوەی دوو مانگی رابردووشدا بانکی ناوەندی عێراق چەندین رێکاری گرتووەتەبەر بە ئامانجی ئەوەی کاریگەری لەسەر سەقامگیری بەهای دینار لە بازاڕی دراودا دروست بکات.

لە 1/6 بانکی ناوەندی بڕیاری ژمارە 23044ـی ئەنجومەنی وەزیرانی جێبەجێکرد، بە دانانی ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی لە دامەزراوە حکومی و تایبەتەکاندا.

رۆژی 20ـی حوزەیران بانکەکە جەختی لە یاسای هەموارکراوی ژمارە 56ـی ساڵی 2004 کردەوە، یاساکە ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتی پشکنینی بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان یەکێکە لە ئەرکە تایبەتییەکانیان.

رۆژی (20ـی تەمموزی 2023) دەنگۆی بێبەشکردنی 14 بانک بە پێدانی دۆلار بڵاوبووە و بانکی ناوەندیش ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارەکە لەسەر ئەنجامی پشکنینی حەواڵەی بانکی بۆ ساڵی رابردوو بووە و کۆی مامەڵەی ئەو بانکانەش تەنیا 8% کۆی حەواڵەی دەرەکی عێراق پێکدەهێنن .

رۆژی (3ـی ئابی 2023) بانکی ناوەندی عێراق کاراکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردنی راگەیاند  کە پێشتر لە مامەڵەکردن بە دراوی دۆلار بێبەش بوون لە پارێزگاکانی (نەینەوا، ئەنبار، کەرکووک و سەڵاحەددین)

هەر رۆژی (3ـی ئابی 2023) کارگێڕی بانکەکە راگەیەندراوێکی چوار خاڵی بڵاوکردەوە، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی جوڵەی دراو و بازرگانی دەرەکی و جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، ئەمەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بوو کە چەند بڕیارێکی لەخۆ گرتبوو گرنگترینیان ئەمانەن:

جێبەجێکردنی هەموو گواستنەوە دەرەکییەکان و کرێدیتی بەڵگەنامەیی لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنییەوە و ئەنجامدانی گواستنەوەی کەسی بۆ دەرەوەی وڵات، وەک کرێی خوێندن، چارەسەرکردن، کڕینی پێداویستییە کەسییەکان، خەرجکردنی خانەنشینی بۆ دانیشتوانی دەرەوەی وڵات لە رێگەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوەی پارە، وەک وێسترن یونیەن و مۆنی گرام دەبێت، لەگەڵ دابینکردنی دۆلاری کاش بۆ گەشتیاران بە بڕێکی دیاریکراو و بەهێزکردنی رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە.

هەروەها بەدەستهێنانی متمانەی بانکە نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکان، کە تۆڕی پەیوەندییەکانی نێوان کەرتی بانکی ناوخۆیی و بیانی فراوانتر دەکات لەوانەشم (داخستنی پەنجەرەکانی گواستنەوەی نایاسایی دەرەکی، رێگەنەدان بە جیاوازی نرخی ئاڵوگۆڕکردن لە کاڵا هاوردەکراوەکاندا و هاندان و پاڵپشتیکردنی پۆلەکانی بازرگان بۆ چوونە ناو پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ ئاسانکردنی ڕێکارەکان بەتایبەتی باجەکان و دیاریکردنی سنووری پێشوەختە.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ توندکردنی کۆنتڕۆڵ بەسەر دەروازە سنورییە فەرمییەکان و داخستنی دەروازە نافەرمییەکان.

لەگەڵ ئەوەشدا،جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ مامەڵەکردنە ناوخۆییەکان بە دیناری عێراقی لەبری دۆلار دووپاتکردووەتەوە.