هۆڵەندا بڕیاریدا فڕۆکەی ئێف 16ـی ئەمه‌ریکی رەوانەی ئۆکرانیا بکات

K24 - هەولێر:

سەرۆکی ئۆکرانیا لە هۆڵەندایە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە رێککەوتن لەسەر ناردنی فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 بۆ کیێڤ.

دوای رۆژێک لە سەردانەکەی بۆ سوید، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گەیشتە هۆڵەندا و لەگەڵ مارک رووتە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، پرسی پێدانی فڕۆکەی جەنگی ئێف-16 و بەردەوامی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکرانیا تاووتوێکرد.

زێلێنکسی لە کۆنگرەکەیکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند، لەگەڵ هۆڵەندا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی دوای راهێنانی فڕۆکەوانەکانیان، چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف-16 رەوانەی کیێڤ بکرێن.

مارک رووتە ئاشکرایکرد، لەگەڵ دانیمارک پابەندن بەوەی فڕۆکەی جەنگی رەوانەی ئۆکرانیا بکەن، بەڵام لە سەرەتا دەبێت فڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا لەسەر شێوازی بەکارهێنانیان رابهێنرێن.

رووتە، هه‌روه‌ها رایگەیاند، فڕۆکەی ئێف شازدە بۆ ئۆکرانیا دابین دەکەن، بەڵام سەرەتا پێویستە لە رێککارەکانی گواستنەوەی فڕۆکەکان دڵنیابن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگوازرێنەوە ئۆکرانیا.

سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا گوتی: "دەمانەوێت بزانین، ئایا دەتوانین هەموو فڕۆکەکان رەوانە بکەین یاخود هەندێکیان پێویستییان بە نوێکردنەوە و چاککردنەوە هەیە، بۆیە ناتوانم ژمارەیەکی تەواوتان پێ بڵێم، بەڵام 42 فڕۆکەی ئێف شازدەمان لە کۆگاکاندا هەیە".

ده‌شڵێت: "پێویستە کار لەسەر ئەوە بکەین گواستنەوەی فرۆکەکان بەشێوەیەکی سەلامەت بێت، چونکە فڕۆکەی ئێف 16 زۆر هەستیاره‌. دەبێت دڵنیابین ئامادەکاری بۆ هەموو شتێک کراوە".

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.

8