ئایدن مەعروف: گەشبینم دوای سەردانەکەی هاکان فیدان هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

K24 - هەولێر

ئایدن مەعروف لە ئیستانبوڵە و رایدەگەیەنێت، گەشبینە دوای سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا و هەولێر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە. دەشڵیت: "بازرگان و کۆمپانیا تورکییەکان دەیانەوێت زیاتر لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە هەولێر کاربکەن".

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی ئابی 2023، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ تورکیا؛ سەردانەکەی شاندی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان؛ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ئەرجان داغ، پەیامنێری کوردستان24ـی لە ئیستانبوڵ دایەوە.

ئامانجی سەردانەکەی بۆ تورکیا

 ئایدن مەعروف بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو بازرگان و کۆمپانیا تورکییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و کاریان هەیە، چووەتە ئیستانبوڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجییەتی زیاتر پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە بدات.

تورکیا یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا لە ڕێگەی بۆریی نەوتی ئەو وڵاتەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا، بەڵام له‌ 25ی ئاداری رابردووه‌وه‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان راگیراوە.

بە گوتەی ئایدن مەعروف، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و هەرێـمی کوردستان چەند باشتر ببن، "کاریگەریی ئەرێنی دەکاتە سەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوولا" و دەڵێت: "لە ئێستادا پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە لە هەموو روویەکەوە لە ئاستێکی زۆر باشدان".

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ساڵی 2007 گەیشتە یەک ملیار و چوار سەد ملیۆن دۆلار، ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2022 بۆ زیاتر لە 15 ملیار دۆلار زیادی کرد.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، هەر وەکو چۆن "تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە؛ هەرێمی کوردستانیش گرنگیی خۆی بۆ تورکیا هەیە" و، وەکو خۆی دەڵێت، "کۆمپانیا تورکییەکان دەیانەوێت زیاتر لە هەرێمی کوردستان کاربکەن و سەقامگیری ئەمنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە پارێزگای هەولێر بۆ کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکان زۆر گرنگە".

سەردانەکەی هاکان فیدان و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 22ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێ کرا و دواتر لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی و حزبی کۆبووەوە.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا؛ بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەر یەکە لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ سەڵاحەددین بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی و نوێنەرانی بەرەی تورکمانی لە هەرێم کۆبووەوە.

لەبارەی لێکەوتەکانی سەردانەکەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوە کرد، "سەردانەکە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە زۆر گرنگ بوو و لەرووی ئابووری، بازرگانییەوە، سیاسی و دیپلۆماسییەوە کاریگەریی ئەرێنی دەبێت . ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا باشتر بکەین".

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و هاکان فیدان، وەکو ئەوەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باسی دەکات، "ئەرێنی بوو و کاریگەری لەسەر دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەبێت". دەشڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کاتێک پابەندبووە بە رێککەوتنە سیاسییەکانی لەگەڵ بەغدا؛ بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵیش جیددی بێت لە چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، کە مافێکی یاسایی و دەستووریی هەرێمە".

هەر لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، ئایدن مەعروف گوتی: "گەشبینم دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دەستپێدەکاتەوە، چونکە ئەمە مافێکی دەستووریی و یاسایی خەڵکی هەرێمی کوردستانە".

سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق

رۆژی چوارشەممە 23ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، ئاشکرایکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا "سوورە لەسەر سەردانیکردنی بۆ عێراق"، بەبێ ئەوەی وادەی سەردانەکە ئاشکرا بکات.

لەبارەی ئەوەی "ئایا ئەردۆغان سەردانی هەولێریش دەکات یان نا؟" ئایدن مەعروف لەوبارەوە گوتی: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە باشتر ببن، بۆیە لەگەڵ ئەوەداین هەر شاندێکی تورکیا کە سەردانی عێراقی کرد، سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات".

هاکان فیدان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق گوتبووی، "چاوەڕێدەکرێت هەفەتی داهاتوو (سەرەتای مانگی ئەیلوول) وەزیری بازرگانی تورکیا سەردانی بەغدا بکات" ئایدن مەعروف لەوبارەوە ئەوەی خستەڕوو، "تا ئێستا وادەی سەردانەکەی وەزیری بازرگانی تورکیا بۆ عێراق بە فەرمی دیارینەکراوە و نازانین دێتە هەولێریش یان نا".