ناوەرۆکی کۆنفرانسی رۆژنامەوانی فوئاد حوسێن و هاکان فیدان

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی فوئاد حوسێن و هاکان فیدان
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی فوئاد حوسێن و هاکان فیدان

K24 – هەولێر:

لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی بۆ عێراق، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا کرد و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنقەرە کردەوە.

رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023) فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و دوای کۆبوونەوەی نێوانیشیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان کرد. سەرەتا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر چەندین جار بە سیفەتی جیاواز سەردانی عێراقی کردووە بەڵام ئەمجارە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراقی کردووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە و هەردوولا هاوڕابوون لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و باسی لەوەشکرد، هەندێک جار کۆسپ بۆ پەیوەندییەکانیان دروست دەبێت بەڵام ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە بە گفتوگۆ کێشەکان و ئەو کۆسپانە چارەسەربکەن.

لەبارەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، فوئاد حوسێن رایگەیاند، کە پێشکەوتنی بەرچاو لە پەیوەندییە ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە، هەروەها 850 کۆمپانیای تورکی لە عێراقدا کاردەکەن کە زۆرینەیان لە بوارەکانی ئاوەدانکردەوە و وەبەرهێناندا کاردەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، باسیان لە دۆسیەی ئاو و سەرچاوەکانی ئاو کرد لەژێر کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانکارییە ژینگەیی و کەشوهەوا لە هەردوو وڵاتدا هەیە، بەڵام عێراق بەهۆی بوونی هەردوو رووباری دیجلە و فورات پێویستی بەوەیە کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە رێژەی ئاوی خۆی بۆ بەربدرێتەوە بەهۆی ئەوەی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ بەتایبەتی زیانی زۆری بەرکەوتووە و ئەوەشی ئاشکراکرد، کە هاکان فیدان پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی هەمیشەیی کرد لەبارەی ئەو پرسە لەنێوان هەردوو وڵات.

هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق روونیکردەوە، کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسیان لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهان و گرێبەستەکان کرد و هەروەها لە دۆسیەی ئەمنیدا گفتوگۆ لەبارەی بوونی سەربازانی تورکیا لەسەر خاکی عێراق و هەڕەشە ئەمنییەکان لەسەر ئەو وڵاتە و باسی لەوەشکرد، کە حکومەتی عێراق پابەندە بە دەستوور کە رێگە بە هیچ حزب و گرووپێک نادات ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.

فوئاد حوسێن ئاشکراشیکرد، تاوتوێی ژمارەیەک لە رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان کردووە کە هەوڵ دەدەن پێش سەردانیکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق بە تەواوی ئامادەبن و بگەنە رێککەوتن لەسەر رەشنووسی کۆتایی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، کە باسیان لە خاڵە گومرگییەکان و پێدانی ڤیزای تورکیا بە عێراقییەکان کرد کە ئێستا زیاتر لە 700 هەزار عێراقی لە تورکیا دەژین و باس لە ئاسانکاریکردن بۆ گەشتکردن و کاروبارەکانی وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی عێراق بکرێت و گوتیشی، هەوڵ دەدەن لە زووترین کاتدا کۆبوونەوەی لیژنەی ئابووری هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا بە ئەنجام بگات.

هەروەها فوئاد حوسێن گوتیشی، کە لەگەڵ هاکان فیدان باسیان لە دیاردەی ئیسلامۆفۆبیا لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان کردووە و هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە رێز لە پیرۆزییەکان بگیرێت و هەوڵ بدرێت بۆ رێگریکردن لەو رووداوانەی هەبوون لە ماوەی رابردوو بۆ پێشێلکردنی ماف و بێڕێزیکردن بە باوەڕ و پیرۆزییەکان.

لەلایەن خۆیەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش و گرنگیان لەگەڵ فوئاد حوسێن ئەنجامدا و جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە.

هەروەها گوتی، تورکیا بە گرنگییەوە لە پاراستنی سەروەری و سەلامەتی خاکی عێراق دەڕوانێت و مامەڵە دەکات و لەسەر ئەو بنەمایەش دەیانەوێت کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق پەرەپێدان و پاڵپشتی ئەنقەرەشی بۆ حکومەتی عێراق دەربڕی لەپێناو گەشەپێدانی وڵاتەکەی و چەسپاندنی ئاسایش و هەوڵدانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری و ژێرخانی وڵاتەکەی.

هاکان فیدان ئاماژەی بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کرد و رایگەیاند، ئەمە پرۆژەیەکی زۆر گرنگ و ستراتیژییە و عێراق دەکاتە ناوچەیەکی گرنگی گواستنەوەی بازرگانی لە ناوچەکە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا روونیکردەوە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق باسیان لە دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردووە و بە ئاشکرا رایگەیاند، "پەکەکە رێکخراوێکی تیرۆریستییە و پێویستە رێگە بە دوژمنە هاوبەشەکەمان نەدەین کە لە چالاکییەکانیان بەردەوام بێت و ببێتە هەڕەشە لەسەر سەروەری خاکی عێراقیش".

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "پەکەکە قەندیل، کەمپی مەخموور، شنگال و سلێمانی داگیرکردووە و لە هەوڵی ئەوەدایە کە سنوورەکان بخاتە یەک رێڕەو بۆ هاتووچۆی تیرۆریستان لە نێوان عێراق و سووریا".

فیدان باسی لەوەشکرد، تورکیا هەموو پشتگیرییەک بۆ عێراق دووپاتدەکاتەوە لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و دەیەوێت بە فەرمیش پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت.

سەبارەت بە پەیوەندی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوو وڵات، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایەگەیاند، قەبارەی ئاڵگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا توانی 25 ملیار دۆلاری تێپەڕێنێت کە ئەمەش لەسەرووی پێشبینییەکانیانەوە بووە لە ماوەی رابردوو، هاوکات بە پێویستی زانی کە پێکەوە زیاتر کاربکەن بۆ لابردنی کۆسپ و گرفتانەی لەبەردەم وەبەرهێنەران، بازرگان و خاوەنکارانی هەردوولا هەیە بە ئامانجی زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

لەبارەی دۆسیەی ئاویش، هاکان فیدان ئاماژەی بەوەکرد، بە گرنگییەوە لە کێشە و نیگەرانییەکانی عێراق لەوبارەیەوە دەڕوانن و لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا گەیشتنە رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی هەمیشەیی لەبارەی کێشەی ئاو.