هاکان فیدان گەیشتە هەولێر

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی کۆماری تورکیا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی کۆماری تورکیا

K24 – هەولێر:

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر، بڕیارە سبەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی چەند پرسێکی گرنگ دەستپێبکات.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (24ـی ئابی 2023) هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، فەلاح مستەفا راوێژکاری سەرۆکی هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا، بڕیارە کۆبوونەوەکانی سه‌باره‌ت به‌ تاووتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ، کە دیارترینیان، پرسی ئەمنی و ئابووری نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.

دوێنێ چوارشەممە (23ـی ئابی 2023) لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کرد، دواتر لە کۆبوونەوەی نێوانیان هەردوولا پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێکرد و جەختیان لە گرنگی کارکردن بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانیان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، ژینگەیی و دۆسێی ئاو و وزەدا کردەوە، کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی عێراق و تورکیا بکات.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی،  لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندەکەی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەی نێوانیاندا باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی بەهێزکردنی هاریکارییە هاوبەشەکان لەسەر ئاستی جۆراوجۆر کرا.

رۆژی سێشەممە (22ـی ئابی 2023) فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و دوای کۆبوونەوەی نێوانیشیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسیان لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان کرد. سەرەتا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی فیدان بۆ بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر چەندین جار بە سیفەتی جیاواز سەردانی عێراقی کردووە، بەڵام ئەمجارە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئه‌نجامدا.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە و هەردوولا هاوڕابوون لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و باسی لەوەشکرد، هەندێک جار کۆسپ بۆ پەیوەندییەکانیان دروست دەبێت بەڵام ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە بە گفتوگۆ کێشەکان و ئەو کۆسپانە چارەسەربکەن.

لەبارەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، فوئاد حوسێن رایگەیاند، پێشکەوتنی بەرچاو لە پەیوەندییە ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە، هەروەها 850 کۆمپانیای تورکی لە عێراقدا کاردەکەن کە زۆرینەیان لە بوارەکانی ئاوەدانکردەوە و وەبەرهێناندا کاردەکەن.